رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێدانی کارەبا بۆ ماوەی 48 کاژێر لە رۆژانی 27-29ـی ئەم مانگە کەمدەبێت و هۆکارەکەشی بۆ چاکسازیکردن لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەگەڕێنێتەوە.
شەوی پێنجشەممە، 26-10-2023، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵی کەمکردنەوەی کارەبای لەماوەی 48 کاژێردا راگەیاند و لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئاگاداری هاوبەشانی کارەبا دەکەینەوە بەهۆی پرۆسەی چاکسازی لە کێلگەی کۆرمۆر، بۆ ماوەی 48 کاژێر لە رۆژانی 27-29ـی ئەم مانگە بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمدەبێتەوە."
هاوکات، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، لەبارەی کاتەکانی کەمبوونەوەی کارەبا بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بچڕانەکە 48 کاژێر دەبێت، لە کاژێر 12ـی شەوی 26 لەسەر 27ـی مانگ بچڕانی کارەبا دەستپێدەکات و رۆژی 28ـی مانگ بەتەواوەتی دەبێت، هەروەها شەوی 28 لەسەر 29ـی مانگ دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی."
هەروەها باس لەوە دەکات: "لە ماوەی پرۆسەکەدا بڕی بەرهەمهێنانی غاز لە کێلگەی کۆرمۆر بۆ 250 پێ سێجا کەم دەبێت و بە هۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا 750 مێگاوات کەمدەبێت."
وەزارەتی کارەبا لە روونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە وەزارەتی کارەبا هەوڵدەدات لەو دوو رۆژەدا کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی کارەبا لەسەر ماوەکانی پێدانی کارەبا کەمتر بێت.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە سنووری شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008 بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد.
رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە، 24ـی ئۆکتۆبەر، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راپۆرتێکدا کۆمەڵێک ئاماری لەسەر رەوشی کارەبا بڵاوکردەوە کە بەپێی راپۆرتەکە لە هەرێمی کوردستان لەڕێگەی 15 وێستگەی بەرهەمهێنانەوە 4250 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت، ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەباش 7400 مێگاوات دەبێت، لە کابینەی نۆیەمدا سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ