رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی دەنگداندا، قوتابخانەکان دەکرێنە بنکەی دەنگدان، بڕیارە رۆژی 6ی 11ـی 2025 وەزارەتی پەروەردە نزیکەی 1500 قوتابخانە رادەستی کۆمیسیۆن و هێزە ئەمنییەکان بکات.
رۆژی یەکشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2025، سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند: "لە 6ی مانگەوە لە هەموو قوتابخانەکان دەبێتە پشوو،تاوەکو 12ـی هەمان مانگ، بەڵام کۆمیسیۆن دەزانێ چەند قوتابخانەیان پێویستە."
رۆژی 9ـی 11ـی 2025 دەنگدانی تایبەت لە 809 بنکە و 4,501 وێستگە بەڕێوەدەچێت، رۆژی 11ـی 11ـی 2025 دەنگدانی گشتی لە 8,703 بنکە و 39,285 وێستگە بەڕێوەدەچێت.
1500 قوتابخانە بۆ دەنگدانی گشتی و تایبەتی بەکاردەهێنرێن
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند:"لە ئێوارەی پێنجشەممەی هەفتەی داهاتووەوە، قوتابخانەکان لە وەزارەتی پەروەردە وەردەگرین، دەست بە ئامادەکارییەکان دەکەین، هەموو وێستگە و بنکەکان ئامادە دەکرێن."
زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە،بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ:"لە 1,516 قوتابخانە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت؛ 1,312 قوتابخانە بۆ گشتی و 204 قوتابخانە بۆ دەنگدانی تایبەت."
لە 6 و 7ـی مانگی داهاتوو پێویستییەکانی دەنگدان دەبرێنە قوتابخانەکان
موزەفەر عەبدولڕەحمان، بەرپرسی هەماهەنگیی ئەمنیی کۆمیسیۆن لە هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند:"سەرەتا بڕیار بوو 5ـی مانگی داهاتوو قوتابخانەکان وەربگرین، بەڵام وا رێککەوتین لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بکەوێتە 6ـی مانگ، ئێوارەی ئەو رۆژە هێزە ئەمنییەکان دەچن بۆ ئەوەی لە رووی ئەمنییەوە بنکەکان بپارێزن،لە 6 و 7ـی مانگیش کەلوپەلی پێویستی دەنگدان دەبرێتە بنکەکان."
بە گوتەی موزەفەر عەبدولڕەحمان، رۆژێک پێش هەڵبژاردنی گشتی و تایبەتی، کاغەزی دەنگدان بەسەر بنکەکانی پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت.
لە رۆژانی دەنگداندا، هەر ناوەندێکی دەنگدان سێ بازنەی ئەمنیی دەبێت؛ بازنەی یەکەم 10 پۆلیس و ئەفسەرێک چاودێریی دەکەن، بازنەی دووەم ئاساییش و بازنەی سێیەمیش پێشمەرگە و بەرگریی فریاکەوتن چاودێریی دەکەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، 7,768 بەربژێر لە عێراق و هەرێمی کوردستان رکابەری لەسەر 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق دەکەن، 21.4 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ