رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند پەیامی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری ئەم ساڵی مێری لەبارەی ئەوەی پەکەکە هەنگاوی کردەییتر بنێت لە پرۆسەی ئاشتیدا، یەکێک لەو هۆکارانەبوو وایکرد پەکەکە ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ بنێت.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 14:00ی رووداو، باسی لە پەیوەندی پارتی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و ئەمریکا کرد و بە "بەهێز" وەسفی کرد.
سیوەیلی لە باسی کاریگەرییەکانی ئەو پەیوەندییە لەسەر پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گوتی:" کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی دەستوور ناڕاستەوخۆ گوشار لە بەغدا دەکات، بەشێکی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بە گوشاری ئەمریکا بوو، کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەرژەوەندییان لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە".
هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، مارک ساڤایای وەک نوێنەری خۆی بۆ کاروباری عێراق دەستنیشانکرد. هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی لەو بارەوە بە رووداوی گوت: "نوێنەری نوێی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری عێراق دۆستی کوردستانە و لە سەرۆک بارزانییەوە نزیکە".
"بەرنامەی پارتی جێبەجێکردنی دەستوورە"
لەبارەی بەرنامەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هۆشیار سیوەیلی گوتی: "بەرنامەی پارتی جێبەجێکردنی دەستوورە، کارکردن لەگەڵ ئەم عەقڵییەتەی ئێستا لە بەغدا هەیە ئاسان نییە، بەڵام پارتییەکی بەهێز لە بەغدا کارەکان ئاسان دەکات". گوتیشی: "پارتی هەموو کات لەگەڵ پێکهێنانی فراکسیۆنێکی یەکگرتوو بووە، چونکە ئەرکەکە ئاسان نییە و کورد لەناو پەرلەمانی عێراق کەمینەیە، بۆیە پێکهێنانی فراکسیۆنێکی کوردستانی پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز دەکات، ئەگەر کورد یەکگرتوو بێت، لایەنی بەرامبەریش جیدیتر مامەڵەت لەگەڵ دەکات".
پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژانە لە رێگەی هەردوو جێگرانی سەرۆکی پارتییەوە کەرنەڤاڵی بانگەشە بەڕێوەدەبات. لەوبارەوە هۆشیار سیوەیلی رایگەیاند: "لە رۆژانی داهاتوودا بانگەشەی پارتی فراوانتر دەبێت، لەهەموو شار و شارۆچکەکان، کەرنەڤاڵی بانگەشەی پارتی گەرموگوڕتر دەبێت". سیوەیلی گوتیشی: "پارتی تەنیا بەڵێن نادات، بەڵکو جێبەجێشیان دەکات، پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بەڵگەن بۆ قسەکانی ئێمە، کە بەڵێنێک دەدەین جێبەجێی دەکەین".
"پەیامی نێچیرڤان بارزانی و هەنگاوەکەی پەکەکە"
رۆژی یەکشەممە 26-10-2025 لە هەنگاوێکی نوێی پرۆسەی ئاشتیدا، پەکەکە کشانەوەی لە تورکیا بۆ "هەرێمەکانی پاراستنی میدیا" راگەیاند.
هۆشیار سیوەیلی هەنگاوەکەی پەکەکەی بە گرنگ زانی و گوتی: "پەکەکە بە شێوەیەکی کردەیی هەڵوەشاوەتەوە، چاوەڕوانی لە لایەنەکانی دیکە هەیە هەنگاوی جدیتر بنێن".
سیوەیلی راشیگەیاند: "پەیامی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیداری ئەم ساڵی مێری لەبارەی ئەوەی پەکەکە هەنگاوی کردەییتر بنێت لە پرۆسەی ئاشتیدا، یەکێک لەو هۆکارانەبوو کە وایکرد پەکەکە ئەم هەنگاوە بنێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ