تازە زاوایەکی کورد بۆ یەکەم جەژنی سوپاسگوزاری دەعوەتی قەل کراوە

26-11-2020
ئەرکان عەلی
ئەرکان عەلی
کوڕە کوردەکە لەگەڵ ژمارەیەک لەو ئەمریکییانەی دانیشتووی هەرێمی کوردستانن. وێنە: رووداو
کوڕە کوردەکە لەگەڵ ژمارەیەک لەو ئەمریکییانەی دانیشتووی هەرێمی کوردستانن. وێنە: رووداو
نیشانەکردن جەژنی سوپاسگوزاری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو ئەمریکییانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، ئاهەنگی سانکس گیڤینگ، یاخود جەژنی سوپاسگوزاری دەگێڕن، لە ئەمریکا جەژنەکە دەکەوێتە چوارەم چوارشەممەی مانگی 11ی هەموو ساڵێک.
 
مات ئۆشێڵ، هاووڵاتیی ئەمریکى دەڵێت "ئێمە زۆر خۆشحاڵین ئەمڕۆ لێرە پێکەوە کۆبووینەتەوە. جەژنی سوپاسگوزاری ئەو رۆژەیە کە بە شێوەیەکی ئاسایی خەڵک لەگەڵ خانەوادەکانیان بەسەریدەبەن؛ بەڵام ئێمە هەموومان لێرە دەژین و کاردەکەین و خێزانەکانمان لەوێ ماون، بۆیە ئێمە لێرە بووینەتە خانەوادەی یەکدی. ئێمە کۆدەبینەوە و پێکەوە چێژ لە رۆژە پشووەکانمان وەردەگرین. خۆی لە خۆیدا سەرنجەکە لەسەر سوپاسکردنە، بۆیە ئێمە هەندێک کات بۆ ئەوە تەرخاندەکەین تاوەکو سوپاسی خودا بکەین لە بەرامبەر هەموو ئەو شتانەی ساڵی رابردوو پێمانی بەخشیوە".
 
لە سوپاسگوزاریدا لێنانى قەل هاوشێوەى قەیسی و فاسۆلیاکەى کوردستان بووە بە جۆرێک لە کولتوور و لەسەر سفرەى هەموو خێزانەکان هەیە.
 
کریستین کارتەر، مامۆستاى زمانى ئینگلیزییە، دەڵێت "ئێمە قەل دەخۆین، هەموو ساڵێک. ئەوە نەریتێکی ئەمریکی بووە بە درێژایی 400 ساڵی رابردوو. ئێمە قەل وەکو خواردنی سەرەکی لە نانی ئێوارەی جەژنی سوپاسگوزاریدا ئامادە دەکەین".
 
جوئانا، بەڕێوەبەرى سەنتەرێکى زمانەوانییە و باس لەوە دەکات "ئەمە گرنگترین شتە. ئامادەکردنی یەک قەل سێ کاژێر دەخایێنێت. لێرەش قەلی مەحشیەمان هەیە کە نان و بەهارات و هەموو ئەو شتانەی تێدایە کە لەگەڵ قەل دەخورێن".
 
جیاوازترینى نێو ئەو ئاهەنگگێڕانە کوڕە کوردێکە کە بەهاری ساڵی رابردوو ئاشنای کچێکی ئەمریکی بووە، دواتر دەکەونە داوى خۆشەویستى و لە هاوینی ئەمساڵدا هاوسەرگیرییان کردووە و ئێستاش بوون بە هاوژین و یەکەم جەژنیان پێکەوە بەسەردەبەن.
 
بەرهەم فازیل، وەرگێڕی زمانى ئینگلیزى دەڵێت، لە سەنتەرێک وانەی کوردی و ئینگلیزیی گوتووەتەوە و کچە ئەمریکییەکە چووەتە سەنتەرەکە و پرسیاری کردووە، دواتر هاوڕێیەتی لەنێوانیاندا دروستبووە، لە ئاهەنگی هاوڕێیەکی بینیویەتیەوە، یەکتریان ناسیوە و هاوسەرگیرییان کردووە.
 
ئەفسانە و قسەى زۆر لە مێژوودا دەربارەى سانکس گیڤینگ هەن، بەڵام دیارترینیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1621 کاتێک چەند خێزانێکى جووتیار لە هندییە سوورەکان لەسەر ئەو زەوییەى ئێستا پێیدەگوترێت ئەمریکا، دانەوێڵەیەکى زۆریان چاند و بەرهەمیان هێنا، ئیدی بەدوایدا سوپاسگوزار بوون و ئەو رۆژەش بوو بە مۆرکێکى نەتەوەیی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە