رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی بۆ مانگی داهاتوو دواخست کە دژی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە و لەلایەن 9 مامۆستا و فەرمانبەری هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-11-2023، دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی سکاڵای 9 مامۆستا و فەرمانبەری هەرێمی کوردستان، کە لە دژی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو، کۆبووەوە. بەڵام دۆسیەکەی بۆ 24-12-2023 دواخست.
رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، مامۆستا ئاوات ئازاد، یەکێک لەو کەسانەی سکاڵاکەی تۆمارکردووە، بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ پارێزەران و سکاڵاکاران لە دادگەکە ئامادەبوون و بەرگریان لە دۆسیەکە کرد، لە بەرامبەردا پارێزەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەبوون، دادگەکە لە کۆتاییدا بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ مانگی داهاتوو دوابخات بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بدات بە پارێزەران."
لە سکاڵاکەیاندا کە ژمارە 247ـی فیدراڵیی ساڵی 2023ـی هەیە، سکاڵاکاران داوایانکردووە حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پابەندبکرێن بە جێبەجێکردنی دروستی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتیی ژمارە 22ـی ساڵی 2018ـی هەموارکراوی فیدراڵی وەکو خۆی، بەتایبەت وەکو ئەوەی ئاماژەیان بۆ کردووە مادەکانی (6، 7، 8، 9)ـی یاساکە و ئەو بڕیار و رێنماییانەی لە حکومەتی کوردستانەوە لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەرچوون هەڵبوەشێنێتەوە.
سکاڵاکە لەلایەن هەریەکە لە ئەژی بەرزان عارف، محەممەد حوسێن کەریم، خەبات لەتیف مارف، نەجمەدین محەممەد ساڵح، دلاوەر عەلی محەممەد ساڵح، ئاوات ئازاد محەممەد، دڵشاد محەممەد ئەمین سەعید، سامان عەلی ساڵح و رێبوار باهر ئەحمەد. تۆمارکراوە، کە فەرمانبەر و مامۆستان لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تۆمارکراوە.
لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن، لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. مانگانە حکومەت بۆ پێدانی مووچەیان، زیاتر لە 900 ملیار دیناری پێویستە.
لە دوای شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەکەی لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر، لەوانە پاشەکەوتکردنی مووچە، راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، نەدانی پارەی بەڵێندەران و زیادکردنی باج و رسوومات.
دانیشتنی دادگەی فیدراڵی بۆ پرسی راگرتنی پلەبەزرکردنەوەی فەرمانبەرانی کوردستان لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، 10-9-2023، دادگەکە سکاڵایەکی رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێی تایبەت بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە، کە داوای کردبوو دادگە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 56ـی ساڵی 2015ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بدات، کە بەپێی ئەو بڕیارە، سەرجەم پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ