٪51ـی کارەکانی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەواو بووە

26-11-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن ئۆتۆبانی بابان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کارکردن لە پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەردەوامە. بەڕێوەبەری پڕۆژەکە رایگەیاند، رێژەی 51%ـی پڕۆژەکە تەواوبووە و 11٪ـی شەقامەکەش قیرتاوکراوە.
 
رۆژی یەکشەممە 26-11-2023، ئەبوبەکر تەیب، بەڕێوەبەری پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی کە بە "ئۆتۆبانی بابان" دەناسرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هەرچەندە ئەو وادەیەی بۆ پڕۆژەکە دانرابوو تەواو بووە و بەهۆی تەرخاننەکردنی پارەی پێویست بۆ پڕۆژەکە دواکەوتووە، بەڵام کارەکانمان بەردەوامن و ئێستا بەشێکی شەقامەکە قیرتاو دەکرێت."
 
ئەبوبەکر تەیب گوتی "تاوەکو ئێستا 51٪ـی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەواو بووە، نزیکەی 6 کیلۆمەتر و 500 مەتری شەقامەکە لە تاسڵوجەوە تاوەکو گەڕەکی کێلەسپی تەواوبووە."
 
بڕیاربوو کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ قۆناخی یەکەمی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەواوببێت، بەڵام هێشتا نیوەیشی تەواو نەبووە. لە کۆی ئەو 400 ملیارەی بۆ شەقامەکە دانرابوو، تاوەکو ئێستا یەک چەکی 100 ملیاری دراوەتە کۆمپانیاکە کە نیوەی پارەکەی خەرجنەکراوە.
 
شەقامی 100 مەتریی سلێمانی درێژییەکەی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەکییەکانی 146 کیلۆمەترە، قۆناخی یەکەمی لە ‌شارۆچكە‌ی تاسڵوجە‌وە دە‌ستپێدە‌كات تاوە‌كو دە‌گاتە‌ دە‌مركان نزیك شارۆچكە‌ی عە‌ربە‌ت.
 
پڕۆژەکە چوارسایدی ھاتن و رۆشتن لەخۆدەگرێت کە ‌پانیی سایدی سە‌رەكیی 21 مەترە و سایدی خزمە‌تگوزاریی 9 مەترە كە ‌دوو سایدیان بۆ رۆشتن و دووانیان بۆ ھاتن بە‌كاردە‌ھێندرێن، سایدە‌ سە‌رە‌كییە‌كان بە‌ردە‌وامن و سایدە‌ خزمە‌تگوزارییە‌كان و یە‌كتربڕە‌كان و سایدە‌ سە‌رە‌كییە‌كان بە‌یە‌ك دە‌بەستێتە‌وە‌ بۆ چوونە‌ دە‌رە‌وە‌ و ھاتنە‌ ناوە‌وە‌ی ئۆتۆمبێل.
 
ئۆتۆبانی بابان لە 11-7-2020 بەردی بناخەی دانرا، بە ‌چە‌ند قوناخێك جێبە‌جێ دە‌كرێت، گوژمەی پڕۆژەکە 400 ملیار دینارە و بڕیار بوو لە ‌ماوە‌ی 1100 رۆژ واتە تاوەکو 30-8-2023 تەواو بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە