رووداو دیجیتاڵ
پەرستگەی مێژوویی ئاناهیتا لەنێو شاری کەنگاوەرە لە پارێزگای کرماشان، شوێنەوارێکە کە نزیکەی دوو هەزار و 200 ساڵ مێژووی هەیە و سامانێکی نیشتمانییە، بەڵام بێناز کەوتووە و وەک تەپۆڵکەیەک لە خۆڵ و هەندێ بەردی گەورەی داتاشراوی مێژوویی دەردەکەوێت.
مورتەزا گراوەند، بەڕێوەبەری دامەزراوەی نیشتمانیی پەرستگەی ئاناهیتا دەڵێ "دەمانەوێت هەڵکەندنە مێژووییەکان لەم شوێنەوارە مێژووییەدا دەستپێبکەینەوە، ئەوەش بە سەرنجدان بەوەی کە دوو دەیەیە لێکۆڵینەوەی تێدا راگیراوە. کەوابوو زانینی پێکهاتەی بیناسازیی ئەم شوێنە و تێگەیشتنی راست لە تایبەتمەندییەکانی، زۆر پێویستە. ئەگەر هەموو شت ئامادە بێت و بودجەی پێویستمان پێ بدەن، ئەمساڵ هەڵکەندن لە شوێنەوارە مێژووییەکان دەستپێدەکەینەوە".
پەرستگەکە دەیتوانی کاریگەریی زۆری لەسەر رەوشی ئابووری ناوچەی کەنگاوەر و تەنانەت پارێزگای کرماشانیش هەبێت، بەڵام ساڵانێکە، کەمیی بودجە بووەتە کۆسپی بەردەم پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی.
هەر ئەمساڵ داواکراوە 30 هەزار دۆلار بودجەی بۆ تەرخان بکرێت، بەڵام ساڵ بەرەو کۆتایی دەچێت و هێشتا هیچ نەکراوە.
مورتەزا گراوەند، بەڕێوەبەری دامەزراوەی نیشتمانیی پەرستگەی ئاناهیتا هەروەها دەڵێ "هیوادارین ئەمساڵ لەو بڕە بودجەیەی پێمان دەدەن، بتوانین مۆزەخانەی ئاناهیتا تەواوبکەین و پەرستگەی ئاناهیتا پێگەی خۆی بەدەستبێنێت، چونکە بەو توانایەی ئەم شوێنەوارە مێژووییە هەیەتی، دەتوانێت ساڵانە 150 هەزار تاوەکو 200 هەزار گەشتیار رابکێشێت، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەری گەشەی کولتووری ئەم ناوچەیە بێت".
سەرەڕای خزمەتی کەم، ئێستا ساڵانە نزیکەی 20 هەزار کەس سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەن. ئاناهیتا تاوەکو چەند ساڵ لەمەوبەر شوێنی کار و کاسبی خەڵک بوو، ئەمەش زیانی زۆری بەم شوێنەوارە گەیاند.
تاهیر ئابادی، شوێنەوارناس دەڵێ "دوو هۆکار هەن وایانکردووە پەرستگەی ئاناهیتا لەنێو شاری کەنگاوەردا دروست بکرێت؛ یەکەمیان رێگەی ئاوریشم، دووەمیش کانی و ئاوی زۆری کەنگاوەر، بەڵام بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە، کانییەکان کوێر بوونەتەوە و ئاوەکە نەماوە."
دۆخی ئێستای پەرستگەی ئاناهیتا باش نییە، ئەگەرچی بۆ ئەو سەردەمە ناگەڕێتەوە کە سامی بەسەر ئەم ناوچەیەدا هەبوو، بەڵام ئەگەر خزمەت بکرێت، هێشتا خزمەت بە دابینکردنی بژێوی زۆر کەس لە ناوچەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ