خوێندنی باڵا بۆ ئەو خوێندکارانەی لە دەرەوەی شارەکانیان دەخوێنن: بەشە نێوخۆییەکان کراوەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێ، هەموو زانکۆ و پەیمانگەکان ئاگادار کراونەتەوە، دەرگای بەشە نێوخۆییەکان بکەنەوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر دەڵێ، پێنج هەزار خوێندکاریان لە بەشەناوخۆیی دەمێننەوە و ئەمڕۆ دەتوانن بگەڕێنەوە.
 
دوای ئەوەی بڕیاردرا خوێندنی ئۆنلاین کۆتایی بێت و خوێندن بە ئامادەبوونی خوێندکاران و قوتابییان لە ناوەندەکانی خوێندن لە قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێ، هەموو خوێندکارانی دەرەوەی شارەکان دەتوانن ئەمڕۆ بگەڕێنەوە بەشە نێوخۆییەکانیان.
 
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەواوی زانکۆ و پەیمانگەکان ئاگادارکراونەتەوە، ئەمڕۆ دەبێت بەشە نێوخۆییەکانیان بکەنەوە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شارەکان کە دەگەڕێنەوە بۆ خوێندن لە زانکۆکانیان".
 
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو قوتابیانی نیشتەجێ لە بەشەناوخۆییەکانی زانکۆکەمان ئەمڕۆ دەتوانن بگەڕێنەوە و دەرگای بەشە نێوخۆییەکان کراونەتەوە".
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین گوتی: "نزیکەی 5 هەزار قوتابی دەرەوەی شارمان هەن لە بەشە نێوخۆییەکان دەمێننەوە. هەموو ئامادەکارییەک کراوە و ئێستا دەتوانن بگەڕێنەوە و سبەی بۆ خوێندن لە زانکۆ ئامادەبن".
 
هەینی 10ـی نیسان، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە رایانگەیاند: "یەکشەممە 12ـی نیسان، دەستپێکردنەوەی دەوام لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی، ناحکومی و تایبەت لە هەرێمی کوردستان لەنێو پۆل و کەمپەسەکان دەستپێدەکاتەوە".
 
لە 28ـی شوباتەوە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، خوێندن لە هەرێمی کوردستان راگیرا. 29ـی ئادار بڕیاردرا ئامادەبوون لەنێو پۆلەکان رابگیرێ و پڕۆسەی خوێندن تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام بێت.
 
چوارشەممە 8ـی نیسان، ئەمریکا و ئێران رایانگەیاند بۆ دوو هەفتە جەنگ رادەگرن و دەست بە گفتوگۆ دەکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە