رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، هەموو گەشتەکانیان ئاساییە و "دەنگۆی راوەستانی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دوورە لە راستییەوە."
لە روونکردنەوەیەکدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایگەیاندووە، "بەپێی خشتەی گەشتەکان، گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەردەوامە و هیچ گرفتێک نییە."
درەنگانی ئەمشەو چوارشەممە، هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ئاگرێکی گەورە لە کێڵگەکە کەوتووەتەوە. بەهۆی ئەو هێرشەوە کێشە بۆ کارەبای هەرێمی کوردستان دروست دەبێت.
تاوەکو ئێستا هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هێرشەکە لەو ناوچانەوە کراوە کە بۆشایی ئەمنیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانن.
بە گوتەی ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، نزیکەی 80٪ـی کارەبای هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو هێرشەوە دەکوژێتەوە.
فڕۆکەخانەی سلێمانی لە راگەیێندراوەکەیدا ئەوەشی گوتووە کە رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگرنەبەر هەواڵی ناڕاست بڵاوبکاتەوە و دڵەڕاوکێ بۆ گەشتیاران دروست بکات.
ئەمە جاری یەکەم نییە هێرش دەکرێتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، لە رۆژانی رابردوو زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کێڵگەکە لێیدا، بەڵام گوتیان هێرش نەکراوە. لە ساڵی رابردووش چەندین جار بە درۆن و کاتیۆشا هێرشکراوەتە سەر کێڵگەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ