رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە خانەوادە و کەسوکاری پێشڕەو دزەیی کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی لە دیدارەکەدا و لەبارەی رووداوی کوشتنی پێشڕەو دزەیی و مووشەکبارانکردنی ماڵەکەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە رایگەیاندووە، "ئەو تاوانە زوڵمێکی گەورە بوو بەرانبەر خانەوادەی شەهید پێشڕەو دزەیی و خەڵکی کوردستان کرا".
بەپێی راگەیێندراوەکە، هەر لەو دیدارەدا، موحسین دزەیی، کەسایەتی ناسراوی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتگیری و هەڵوێستی سەرۆک بارزانی کرد "کە هەر لە رۆژی یەکەمەوە ئەو کارەساتەی بە خەمی خۆی زانیوە و هەروەها سوپاسی ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی لە مەڕاسیمی بە خاکسپاردنی شەهیدانی ئەو رووداوە کارەساتبارە کرد".
بارەگای بارزانی ئاماژە بەوەش دەکات، عەبدوڵا مەجید دزەیی، بەناوی خۆی و خانەوادەکەیانەوە پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک بارزانی پێشانداوە و بەڵێنیداوە "لەسەر رێچکەی شەهید پێشڕەو دزەیی بۆ ئاوەدانی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بەردەوام دەبن".
شەوی دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەم سوپای پاسدارانی ئێران، بە 11 مووشەکی بالیستی هەولێری کردە ئامانج کە بەشێک لەو مووشەکانە بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری کورد کەوتن و لە ئەنجامدا خۆی، منداڵێکی 11 مانگی، هاوڕێیەکی و خزمەتگوزارێکی ماڵەکەی گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ