سێ هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان بەهۆی تەقینی سۆپای گازەوە لە دهۆک گیانیان لەدەستدا

27-01-2024
وێنەی سێ هاونیشتمانییەی گیانیان لەدەستدا لەگەڵ ئەو سوپایەی بووە هۆی رووداوەکە
وێنەی سێ هاونیشتمانییەی گیانیان لەدەستدا لەگەڵ ئەو سوپایەی بووە هۆی رووداوەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی تەقینەوەی سۆپایەکی گازەوە لە پڕۆژەیەکی پەلەوەری لە پارێزگای دهۆک، سێ هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. ئامۆزای یەکێک لە بریندارەکان دەڵێت، تەندروستیی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە. 
 
پێنج رۆژ لەمەوپێش، لە پڕۆژەیەکی پەلەوەریدا لە ناوچەی پیشەسازیی دهۆک، بەهۆی تەقینەوەی سۆپای گازەوە ماڵی خێزانێک، کە لە پڕۆژەکەدا کاریان دەکرد بە تەواوی سووتاوە و سێ ئەندامی خێزانەکەش گیانیان لەدەستداوە؛ هەروەها سێ کەسی دیکەش بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەن.
 
ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداو لە بەردەم نەخۆشخانەی سووتان و جوانکاریی دهۆک رایگەیاند، خێزانەکە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و لە ناوچەی پیشەسازیی دهۆک لە پرۆژەیەک کاریان کردووە و هەر لەوێش ماونەتەوە.
 
وەلید، هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان و ئامۆزای سەرپەرشتیی خێزانەکەیە بە رووداوی گوت، ''سۆپای گازی تەقیوەتەوە و نازانین کێشەکە چی بووە، بەڵام لە ماوەی نیو خولەکدا ماڵەکە بە تەواوی سووتا.''
 
مەحموود شەعبۆ عەبدولڕەحمان، سەرپەرشتیاری خێزانەکەیە کە ئێستا لەگەڵ کچێکی و هاوژینەکەی لە نەخۆشخانەی سووتاوی ناوەندی دهۆک لە ژێر چاودێریدان، ماوەی حەوت ساڵە لە پڕۆژە پەلەوەرییەکەدا کار دەکات.
 
حاجی ئەمین خاوەن پڕۆژەکە بە رووداوی گوت، مەحموود شەعبۆ بەهۆی ئەوەی خانووی نەبووە و وەکو پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە، لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەی کە لە پڕۆژەکە کاری کردووە، خێزانەکەشی هەر لە پڕۆژەکەدا ماونەتەوە، گوتیشی، ''ئەم شەو کاژێر 10:20 بوو [بەکاتی هەولێر] پەیوەندییان پێوەکردم ئاگر لە پڕۆژەکە کەوتووەتەوە، کاتێک گەیشتمە شوێنی رووداوەکە، بینیم بریندارەکانیان هێناوەتە دەرەوە و هەموویان زیندوو بوون.''
 
حاجی ئەمین ئاماژەی بەوە کرد، دوو رۆژ لەمەوپێش کچێکی مەحموود گیانی لەدەستدا و دوێنێش کچێکی دیکەی و ئەمڕۆش دایکی.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، چوار کچی مەحموود شەعبۆ، هاوژینەکەی و دایکی لە رووداوەکەدا سووتاون و تاوەکو ئێستا رەحمە ساڵح کە دایکی مەحموودە، رزان مەحموود تەمەن حەوت ساڵ، یاسمین مەحموود تەمەن سێ ساڵ گیانیان لەدەستداوە و تەندروستیی یەکێک لە کچەکانیشی ناجێگیرە.
 
مەحموود شەعبۆ خەڵکی گوندی تل عەلەمی سەر بە پارێزگای حەلەبی رۆژئاوای کوردستانە، کە ماوەی حەوت ساڵە وەکو پەنابەر لە هەرێمی کوردستانە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی ئەنەکەسە

ئەنەکەسە لە عەفرین: چۆڵنەکردنی خانووی کورد لەلایەن عەرەبەکانەوە گەڕانەوەی 400 خێزان دوادەخات

وێڕای رێککەوتنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا و بڕیاردان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، ئەندامێکی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێ، تاوەکو ئێستا رێگەخۆشنەکراوە بۆ گەڕانەوەی هەموو هاونیشتمانییان بۆ زێدی خۆیان