شێرکۆ میروەیس دەبێتەوە بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین

27-02-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسی مەڵبەندی هەشتی خانەقین گۆڕی، شێرکۆ میروەیش لە شوێنی هێرش حەبیب بووە بەرپرسی مەڵبەندەکە. شێرکۆ میروەیس دەڵێت: "بڕیارەکە لەلایەن کارگێڕیی مەکتەبی سیاسییەوە دەرچووە، چونکە ئەو پەیوەندیدارە بەو پرسە."
 
رۆژی دووشەممە 27-2-2023، شێرکۆ میروەیس، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی نوێی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیاری دانانم بە بەرپرسی مەڵبەندی هەشتی خانەقەینی یەکێتی لەلایەن کارگێڕیی مەکتەبی سیاسییەوە دەرچووە، بەڵام هێشتا دەستبەکارنەبووم، بڕیارە بەمزووانە دەستبەکارببم." 
 
سەبارەت بە پلانی داهاتووی بۆ شاری خانەقین، کە بەپێی دەستووری عێراق یەکێکە لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، شێرکۆ میروەیس گوتی: "هێشتا زووە کار و پلانەکانی داهاتووم ئاشکرا بکەم، بەڵام کە دەستبەکاربووم ئەو کات ئاشکرای دەکەم."
 
شێرکۆ میروەیس پێشتر بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی بوو لە خانەقین، دوای ئەوەی لە خولی رابردوو بووە ئەندامی پەرلەمانی عێراق، هێرش حەبیب لە شوێنەکەی دانرا.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارەکە لە رۆژی 26ـی شوباتی 2023 دەرچووە. لە بڕیارەکەدا هاتووە: "لەبەر رۆشنایی کۆبوونەوەی هەڤاڵان کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی لە رۆژی 26-2-2023، بڕیاردرا بە دانانی هەڤاڵ شێرکۆ محەممەد ساڵح، ناسراو بە شێرکۆ میروەیس، ئەندامی سەرکردایەتی بە بەرپرسی مەڵبەندی هەشتی رێکخستنی خانەقین. ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت."
 
خانەقین یەکێکە لە قەزا و گەورە شارەکانی پارێزگای دیالە، رووبەرەکەی 3915 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، زۆرینەی دانیشتووانی کوردن و شیعە مەزهەبن، خانەقین کەوتووەتە نێوان قەزای کەلار لە باکوورەوە، ناحیەی مەندەلی و چیای حەمرین سنووری لە باشوور، رووباری سیروان لە رۆژئاوا و سنووری عێراق و ئێران لە رۆژھەڵات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دکتۆر رەشاد میرانی و ئیدریس نێچیرڤان بارزانی.

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی سەردانی زانای دیاری کورد رەشاد میران دەکات

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەردانی دکتۆر رەشاد میرانی کرد بەمەبەستی لە نزیکەوە پیرۆزبایی لێکردنی بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتی (پووشکین) وەک یەکەمین کورد کە لە رووسیا ئەم خەڵاتەی بردووەتەوە.