رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی سەردەشت پۆلیس تەقە لە کاسبکارێک دەکات، بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلەکەی وەردەگەڕێت و گیان لەدەست دەدات.
رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بووە و کاسبکارەکە ناوی کاوان ئەمجەد نیایە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کاوان لە کاتی تێپەڕبوون لە بنکەی پۆلیسی گوندی ساوان سەر بە شاری سەردەشت بێ ئەوەی کەلوپەلی پێبێت، تەقەیان لێکردووە و گوللە بەر سەری کەوتووە.
کاوان ئەمجەدی نیا، ناسراو بە کاوانی عەزیزی گوڕەشێری، تەمەنی سەرووی 40 ساڵ و خەڵکی گوندی گوڕەشێری سەر بە شاری سەردەشت لە پارێزگای ورمێ بووە و خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە.
دوای کوژرانی ئەو کاسبکارە هێزێکی زۆر، کە 13 ئۆتۆمبیلی سەربازییان پێبووە، لە ترسی ئەوەی خەڵک هێرش بکەنە سەر بنکە سەربازییەکە، هاتووبوونە شوێنی رووداوەکە، بۆ ئەوەی پلەدارە تەقەکەرەی پۆلیس لەگەڵ خۆیان بۆ سەردەشت ببەنەوە.
خەڵکی گوڕەشێر هەڕەشیان کردبوو کە ئەگەر تەقەکەرەکە لە بنکە سەربازییەکە دەرکەوێت، تۆڵە دەکەنەوە و دەیکوژن.
رۆژی 26-02-2024یش لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران تەقەیان لە کۆڵبەران کردبوو و کۆڵبەرێک بە ناوی جەعفەر فەرەجی کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ