رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەبارەی کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندنی پۆلی 12ـی ئامادەیی دا و وادەی تاقیکردنەوەی سەرجەم پۆلەکانیشی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە، سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە گفتوگۆ لەبارەی تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتا و هەردوو پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی کرا.
سامان سیوەیلی گوتی، "بەهۆی هەندێک دۆخی نەخوازراو، چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان لە خوێندن دواکەوتبوون، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بۆ رەچاوکردنی دۆخی قوتابیان کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد بۆ ئەوەی هیچ جیاوازییەک لەنێوان قوتابیانی هەرێمی کوردستان نەکرێت؛ بۆیە یەک وادەی تاقیکردنەوە بۆ هەمووان دیاریکرا".
پشووی بەهارە
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەو قوتابخانانەی لە 13-9-2023وە دەستیان بە خوێندن کردووە، لە رۆژی 11-3-2024 تاوەکو 23-3-2024 پشووی بەهارەیان دەبێت کە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لەگەڵ ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران دەگرێتەوە، بەڵام قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان خشتەی خۆیان هەیە و پابەند نین بەو پشووانەی ئێمە رایاندەگەیەنین".
سامان سیوەیلی دەڵێت، "هەر قوتابخانەیەکی تایبەت و حکومی کە لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین لە 13-9-2023وە دەوامیان دەستپێکردووە، ئەو پشووە دەیانگرێتەوە. ئەو قوتابخانانەش کە خوێندن تێیاندا دواکەوتووە، پشووەکە نایانگرێتەوە و دەسەڵات دراوە بە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ ئەوەی سوود لەو پشووانە وەربگرن بۆ قەرەبووکردنەوەی دواکەوتنیان لە خوێندن".
تاقیکردنەوەی نیشتمانی پۆلی 12
سەیوان عەلی رەزا، سەرۆکی لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی خستەڕوو و رایگەیاند، "بڕیاردرا بەشێک لە پرۆگرامەکانی خوێندنی پۆلی 12ـی ئامادەیی کەمبکرێتەوە و خولی یەکەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 لە 23-6-2024 دەستپێدەکات و تاوەکو 17-7-2024 بەردەوام دەبێت و لە هەفتەیەکدا تەنیا دوو تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێت".
سەیوان عەلی گوتی، "خولی دووەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە 17-8-2024 دەستپێدەکات و 4-9-2024 کۆتایی پێدێت، واتە رۆژ نا رۆژێک تاقیکردنەوەیان دەبێت".
تاقیکردنەوەی نیشتمانی پۆلی 9ـی بنەڕەتی و ناکۆتاکان
لەبارەی تاقیکردنەوەکانی دیکەی قوتابیانی هەرێمی کوردستان، نوورەدین عوسمان، جێگری سەرۆکی لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا ئاماژەیدا، "ئەو قوتابخانانەی دەوامی ئاسایی خۆیان بەپێی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردە خوێندووە پۆلە ناکۆتاکان لە 29-4-2024 و 30-4-2024 و 2-5-2024 هەڵسەنگاندنی کۆتایی بازنەی یەکەم ئەنجامدەدەن".
جێگری سەرۆکی لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە هەرێمی کوردستان گوتی، بۆ تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین سەرپشک کراون بۆ ئەوەی وادەی تاقیکردنەوەکان دیاریبکەن.
گوتیشی، "تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی وەرزی دووەمی ئەو قوتابخانانەی 13-9-2023 دەوامیان کردووە، جگە لە پۆلی 9ـی بنەڕەتی، سەرجەم پۆلە ناکۆتاکان رێکەوتی 4-5-2024 تاقیکردنەوەکانیان دەستپێدەکات و تاوەکو 13-5-2024 بەردەوام دەبێت. خولی دووەمی وەرزی دووەمیش لە 26-5-2024 دەستپێدەکات و تاوەکو 4-6-2024 بەردەوام دەبێت".
جێگری سەرۆکی لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە هەرێمی کوردستان لەبارەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 9ـی بنەڕەتی گوتی، "خولی یەکەمی تاقیکردنەوەی نیشتمانی پۆلی 9ـی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان لە 7-5-2024 دەستپێدەکات و لە 14-5-2024 کۆتایی دێت و خولی دووەمی تاقیکردنەوەکەش لە 28-5-2024 دەستپێدەکات و لە 4-6-2024 کۆتایی دێت".
ئەو بابەتانەی لای خوارەوە لە پرۆگرامی خوێندنی 12ـی ئامادەیی (زانستی و وێژەیی) کەمدەکرێنەوە



کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ