رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد رایدەگەیێنێت، دەروازەی سنووریی نێوان نسێبین و قامشلۆ لە کۆتایی مانگی ئاداری ئەم ساڵدا دەکرێتەوە؛ دەشڵێت، کردنەوەی ئەم دەروازەیە دەبێتە "ئەڵتەرناتیڤێکی گرنگ"ـە بۆ دەروازەی ئیبراهیم خەلیل.
رۆژی هەینی 27-02-2026، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی مانگی شوباتی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد، محەممەد کایا، سەرۆکی ژوورەکە رایگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی پێیان گەیشتووە، دەروازەی سنووریی نسێبین (لەنێوان مێردین لە باکووری کوردستان و قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان) لە 31ـی ئاداری ئەم ساڵەوە سەرلەنوێ دەکرێتەوە.
محەممەد کایا ئاماژەی بەوە کرد، بە کردنەوەی ئەم دەروازەیە، بازرگانی لەگەڵ سووریا دەستپێدەکاتەوە و هاوکارییە مرۆییەکان بە ئاسانی دەگەیێندرێن. هەروەها داوای کرد پارێزگاکانی ناوچەکە وەک "هەرێمی پیشەسازیی مێگا" بناسرێن بۆ ئەوەی گەشەسەندنی ئابووری بەخۆیەوە ببینێت.
چاوەڕوان دەکرێت کردنەوەی ئەم دەروازەیە، کە 14 ساڵە داخراوە، رێڕەوێکی بازرگانیی نوێ لە تورکیاوە بەرەو شاری موسڵ و وڵاتانی کەنداو بکاتەوە؛ ئەمەش وەک "ئەڵتەرناتیڤێکی گرنگ" بۆ دەروازەی سنووریی خابوور- ئیبراهیم خەلیل لە هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت.
هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی دەروازەکە، کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی هێڵی شەمەندەفەری (گرگامێش - نسێبین) کە درێژییەکەی 350 کیلۆمەترە بەردەوامە و بڕیارە لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2026 بخرێتەکار.
دەروازەی گرگامێش کە دەکەوێتە پارێزگای دیلۆک لە باکووری کوردستان و لە بەرامبەر شاری جرابلوسی سووریا هەڵکەوتووە، یەکێکە لە خاڵە هەرە چالاکەکانی بازرگانی، کردنەوەی دەروازەی نسێبین-قامشلۆش تەواکەری ئەو زنجیرە بازرگانییە دەبێت کە تورکیا و باکووری کوردستان بە وڵاتانی ناوچەکە دەبەستێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ