ئوردن سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن هێرشی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک سەرکۆنە دەکات و بە "دەستدرێژییەکی رەتکراوە" و پێشێلکردنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراقی ناودەبات.
 
رۆژی یەکشەممە، 29ی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئوردن سەرکۆنەی هێرش کردنە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک لە کۆماری عێراقی برا دەکات".
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو هێرشە "دەستدرێژییەکی رەتکراوە و پێشێلکردنی ئاسایش و سەقامگیریی کۆماری عێراقی برایە."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە راگەیێندراوەکەدا دووپاتی دەکاتەوە کە " شانشینی ئوردن بەتەواوی هاوسۆزە لەگەڵ کۆماری عێراقی برا و هەرێمی کوردستانی عێراق، پشتیوانی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و سەلامەتی خاکەکەی دەکات".
 
رۆژی شەممە، 28ی ئاداری 2026، لە رێگەی درۆنەوە هێرش کرایە سەر سنووری پارێزگای دهۆک و یەکێک لە درۆنەکان ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج. 
 
هەروەها سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند، لەو کاتەوەی شەڕ دەستی پێکردووە "پێنج جار هێرشکراوەتەسەر بارەگای ئێمە، بەڵام بێدەنگیمان لێ كردووە بۆ ئەوەی دڵەڕاوكێ و تووڕەیی لەنێو جەماوەر دروست نەبێ".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە