لافاو پردی زەرزی دەبات؛ رێگەی نێوان چەمچەماڵ و دووکان پەکیکەوت

23-03-2026
پێشەوا بەختیار
پردەکە دوای ئەوەی بەهۆی لافاوەوە رووخاوە. وێنە: رووداو
پردەکە دوای ئەوەی بەهۆی لافاوەوە رووخاوە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی لافاو و بارانی بەخوڕی چەند رۆژی رابردووەوە، پردی "زەرزی" لە ناوچەی چەمی رەزان رووخا. ئەمە چوارەمین جارە لە ماوەی 5 ساڵدا ئەو پردە بەهۆی لافاوەوە دەڕووخێت، بەوەش هاتووچۆی نێوان چەمچەماڵ و دووکان پەکیکەوتووە و گەشتیار و دانیشتووانی ناوچەکە ناچارن رێگەی دوورتر بەکاربهێنن.
 
"گەشتەکەمان 40 خولەک درێژتر بووە"
 
ئەو هاونیشتمانییانەی دەیانەوێت لە چەمچەماڵەوە بەرەو دووکان بڕۆن، رێگەی "چەمی رەزان" وەک کورتترین بژاردە هەڵدەبژێرن، بەڵام ئێستا نەمانی پردەکە بووەتە کێشەیەکی گەورە. ئیسماعیل هەنارەیی، کە پارێزەرە و بەو رێگەیەدا تێپەڕیوە، بە تۆریی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە نیازی ئەوەی زوو بگەینە شوێنی مەبەستمان، ئێرەمان هەڵبژارد، بەڕاستی نەمانی ئەو پردە ئیشەکەی خراپ کردووین و زەحمەتی زۆر داوین."
 
پردی زەرزی کە 83 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای سلێمانییەوە دوورە، خاڵی بەیەکگەیشتنی (سلێمانی، دووکان و چەمچەماڵ)ە. پردەکە دەروازەی ناوچەیەکی گرنگی گەشتیاری و مێژووییە، بەڵام لە 21ی ئەم مانگەوە ئاو بردوویەتی و هێشتا ئاییندەی چاککردنەوەی دیار نییە.
 
گوندنشینان زەرەرمەندی یەکەمن
 
داخستنی ئەم رێگەیە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی دانیشتووانی گوندەکانی دەوروبەر هەبووە. بۆ نموونە دانیشتووانی گوندی "عەواڵان" کە پێشتر لە 25 خولەکدا دەگەیشتنە سلێمانی و پیرەمەگروون، ئێستا دەبێت کاژێر و نیوێک لە رێگەدا بن.
 
هادی رێبوار، دانیشتوویەکی گوندی عەوڵانە و گله‌یی لە کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات و دەڵێت، "ئەو پردە رێگەی سەرەکیی ئێمەیە، حکومەت و کەس نەهاتووە بەدەمیەوە و چاکی بکات، ئەوەش زیانی زۆری لێداوین." هاوکات سدیق ئەحمەد، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکە داوا دەکات چارەسەری بنەڕەتی بۆ پردەکە بکرێت و دەڵێت، "دەبێت بە هەمیشەیی چاکی بکەن، نەک بە کاتی."
 
لافاو زیانی بە 5 پردی دیکە گەیاندووە
 
تەنیا چەمی رەزان زیانلێکەوتوو نییە؛ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و سەرڕێژبوونی بەنداوی دەربەندیخان زیانی زۆری بە ناوچە گەشتیارییەکانی خوارووی بەنداوەکە گەیاندووە. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین، زیاتر لە 5 پرد بە تەواوی رووخاون یان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.
 
خاوەن پڕۆژە گەشتیارییەکانیش چاوەڕێن ئاستی ئاو دابەزێت، بۆ ئەوەی قەبارەی زیانەکانیان بزانن. رێژوان عەلی، خاوەن پڕۆژەیەکی گەشتیاری، دەڵێت، "زیانەکانی ئێمە ئەوەیە بزانین چی بەسەر شیش و سەب و قەرەوێڵەکانمان هاتووە کاتێک ئاوەکە نیشتەوە."
 
حکومەت: خەریکی ئامادەکردنی دەرخستەین
 
لە بەرامبەر داواکاریی هاونیشتمانییاندا، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت رایدەگەیێنن کە تیمەکانیان خەریکی ئامادەکردنی "دەرخستە"ن بۆ خەمڵاندنی تێچووی چاککردنەوەی پرد و رێگە تێکچووەکان، چاوەڕێی تەرخانکردنی بودجەی پێویست دەکەن بۆ دەستپێکردنی کارەکان.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، محەممەد رەحمان، دانیشتوویەکی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکات، جاران کارگەکانی چەو و لم لەو ناوچەیە هاوکاربوون لە چاککردنەوەی رێگەکە، بەڵام "ئێستا ئەوانیش نەماون و هەر ساڵە و لایەک ئاو دەیبات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە