رووداو دیجیتاڵ
پڕکردنەوەی فۆڕمی "هەژماری من" و وەرگرتنی کارتی ئەوانەی پێشتر فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە لە شاری سلێمانی بەردەوامە. بەڕێوەبەری بانکێک دەڵێت، بەهۆی ئەوەی خانەنشینێکی زۆر رۆژانە کارت وەردەگرنەوە قەرەباڵخییەکی زۆر دروستبووە.
لە سلێمانی دوو بانک تایبەت کراون بە مامەڵەکردن و پێدانەوەی کارتی پڕۆژەی "هەژماری من" بۆ خانەنشینان کە تایبەتە بە بەئەلیکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، ئەوانەش بانکی مەڵکەندی و بانکی عێراقیی بۆ بازرگانیی (TBI)ین.
شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژانە دەیان خانەنشین پێکەوە دێن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بانکی، ئەوەش بووە بەهۆی دروستبوونی قەرەباڵخیی زۆر، بەتایبەت لە بانکی تی بی ئای".
شۆخان عومەر گوتی، "رۆژانە مامەڵەی پڕکردنەوەی فۆڕمی خانەنشینان بە رێکوپێکی بێ کێشە بۆ خانەنشینان بەڕێوەدەبەن و بەردەوامن".
جگە لە خانەنشینان، فەرمانبەرانی شاری سلێمانی هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە، ناچنە بانکەکان و لە فەرمانگەکەی خۆیانەوە فۆڕمی پڕۆژەی "هەژماری من"یان بۆ پڕدەکرێتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو تاوەکو سەرەتای ئەمساڵ، لە زۆرینەی شارەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، پڕکردنەوەی فۆڕمی "هەژماری من" راگیرابوو.
تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو، زیاتر لە 750 هەزار مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان لە سیستمی (هەژماری من) بۆ بەبانکیکردنی مووچەکانیان ناویان تۆمار کردووە و زیاتر لە 420 هەزار کەسیان کارتی ئەلیکترۆنییان وەرگرتووە.
بەگوێرەی ئاماری تیمی هەژماری من بۆ رووداو، تاوەکو زیاتر لە 350 ئامێری راکێشانی پارە (ATM) تایبەت بە مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان دانراون.
بەگوێرەی نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەی ژمارە 13ـی چوارشەممە 02-08-2023 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری، بڕیاری پڕۆژەی 'هەژماری من' دراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ