رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە رۆژانی جەژنی قورباندا رۆژانە بە تێکڕا 16 بۆ 17 کاژێر کارەبا بە هاووڵاتیان دەدرێت، گوتەبێژی وەزارەتی کارەباش دەڵێت: "لە هەندێک شوێن و کاتدا رەنگە زیاتریش بێت."
رۆژی سیشەممە 27-06-2023 وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە بارەی کاژێرەکانی کارکردنی کارەبا لە رۆژانی جەژنی قوربان هاوبەشانی ئاگادارکردەوە و رایگەیاند: "بە بەرهەمهێنانی 3800 مێگاوات کارەبا و بە رەچاوکردنی بەرزبوونەوەی پلەکانی کارەبا لە هەرچوار رۆژی جەژندا 16 بۆ 17 کاژێر کارەبا بە هاوبەشان دەدەین."
هاوکات، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی خشتەی نوێی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی کارەبا بە بەرهەمهێنانی 3800 مێگاوات کارەبا و بە رەچاوکردنی بەرزبوونەوەی پلەکانی کارەبا لە هەر چوار رۆژی جەژندا 16 بۆ 17 کاژمێر کارەبا بە هاوبەشانی دەدات، لە هەندێک شوێن رەنگە لە 17 کاژیر زیاتریش بێت، بەڵام وەکو تێکڕا رۆژانە ئەو برە کارەبایە دەدرێت."
وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرهەمهێنان و وێستگەکان و کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان، پارێزگاکان و فەرمانگەکانی چاککردنەوە 24 کاژێر لە خزمەتی هاووڵاتییاندا دەبن."
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بڕینی سەرپێچییەکانی کارەبا بەردەوامبووە لەگەڵ دانانی پێوەری زیرەک بۆ یەک ملیۆن و 350 هەزار هاوبەشی کارەبا و هەنگاونان بەرەو دانانی سیستەمی پریبەیدی 24 کاژێری کارەبا بەردەوام دەبێت.
رۆژی دووشەممە 26-06-2023 ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرهەمهێنان 3800 مێگاوات تاوەکو 4000 هەزار مێگاواتە ئەوەش بەگوێرەی یەکەکان، بەڵام خواست لەسەر کارەبا 5000 مێگاواتی تێپەڕاندووە".
رۆژی 24ـی حوزەیرانی 2023 وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی کێشەکەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەمهێنانی كارەبا هەزار و 800 مێگاوات کەمبووتەوە. بەگوتەی ئومێد ئەحمەد، پێش ئەوەی ئەو گرفتە لە کێڵگەی کۆرمۆە دروست ببێت، رۆژانە لە هەولێر 16 کاژێر و 43 خولەک کارەبای نیشتمانی هەبووە؛ لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 19 کاژێر؛ لە دهۆک 18 کاژێر و 18 خولەک و لە گەرمیان 20 کاژێر و 30 خولەک، بەڵام دوای ئەوەی کێشەیەکی تەکنیکی لە کێڵگەی کۆرمۆر دروستبوو زیاتر لە پێنج کاژێر کارەبا کەمبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ