رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ 10 حیزب و لایەنی سیاسیی کوردستانی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.
رۆژی سێشەممە، 27-6-2023 ئەحمەد گلی، راوێژکاری مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکە لەسەر داوای پارتی بووە و تاوەکو ئێستا 10 حیزب و لایەنی سیاسیی وەڵامیان داوەتەوە کە ئامادە دەبن، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بانگهێشتی کۆبوونەوەکە نەکراوە، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری بەشداریی کۆبوونەوەکە ناکەن و پێیان راگەیاندووین کە دوای جەژنی قوربان لەگەڵیان کۆببینەوە."
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش، ئەحمەد گلی گوتی: "هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەمان دەبێت."
کۆبوونەوەکە لە بارەگای ئەنجوومەنى سەرکردایەتيی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر دەبێت، راوێژکارەکەی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دەڵێت: "ئەم هەوڵانەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە کەرکووک بۆ ئەوەیە، کورد زۆرینەی کورسییەکانی کەرکووک بەدەستبهێنێت و لە ڕێگەیەوە پارێزگاری کەرکووک بۆ کورد بێت، بەم رێگەیەش ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک دەچەسپێنرێت و رێگریش لە تەعریب و داگیرکاریی کەرکووک دەكرێت."
رۆژی سێشەممە، 20-6-2023، نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران، رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2023ی دیاریکردووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەوەش وەک پابەندبوون بە بەرنامەی حکومی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا لەلایەن پەرلەمانی عێراق پەسندکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ