رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ نەیتوانی خۆی راستبکاتەوە و ئۆنسەیەکی بە کەمتر لە 2300 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە 2340 دۆلارەوە بۆ 2300 دۆلار دابەزیوە و ئێستاش بە نزیکەی 2298 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت کە کەمترین ئاستی دوو هەفتەی رابردووە.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، هیچ چانسێکی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ نەهێشتووەتەوە. پێنوێنیی دۆلار بە نزیکەی 105.54 مامەڵەی پێوەدەکرێت کە بەرزترین ئاستی دوو مانگی رابردووە.
بارت مەلەک، بەڕێوەبەری بەشی کاڵاکان لە کۆمپانیای راوێژکاری (تی دی سیکیۆریتی) رایگەیاند، "لەم کاتانەدا بازاڕی زێڕ بە باشی کاردانەوەی پێشانداوە بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار."
مەلەک دەڵێت، "بازرگانانی زێڕ هیوایان نەماوە بەوەی کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی لە هاوینی ئەمساڵدا کەمبکاتەوە."
بەپێی ئەو شارەزایە، داتاکانی کۆتایی ئەم هەفتەیە لەسەر کۆی بەرهەمی ناوخۆی ئەمریکا و هەروەها هەڵاوسان کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دادەنێن.
بارت مەلەک دەڵێت، بەرزبوونەوەی گەشەی ئابووریی ئەمریکا و زیادبوونی نرخەکانی بەکاربەر، دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ