رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە 10 ساڵی رابردوودا رێژەی مردنی منداڵانی تەمەن خوار یەک ساڵی و منداڵانی خوار 5 ساڵ کەمبووەوە و لە ساڵی 2022 گەیشتووەتە کەمترین ئاست، بە شێوەیەک کە مردنی منداڵانی خوار 5 ساڵ بۆ هەر هەزار منداڵ 10.2 منداڵ بووە، مردنی منداڵانی خوار یەک ساڵیش بۆ هەر هەزار منداڵ 8.7 منداڵ بووە.
رۆژی چوارشەممە 26-07-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێژەی مردن و لەدایکبوونەوە لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێژەی مردن لەنێوان منداڵانی تەمەن خوار یەک ساڵی و خوار پێنج ساڵی بەگشتی کەمیکردووە.
پشتبەستوو بە داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی ئاشکرا کردووە، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا (2011 - 2022) رێژەى مردنی منداڵان بەردەوام کەمبووەتەوە، لە ساڵی 2022دا گەیشتووەتە نزمترن ئاست.
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2011دا، "رێژەى مردنی منداڵانی خوار 5 ساڵ بۆ هەر هەزار منداڵێک 32 منداڵ بووە، مردنی منداڵانی خوار یەک ساڵیش بۆ هەر هەزار منداڵێک 28 منداڵ بووە، هەروەها بۆ منداڵانی کەمتر لە یەک مانگ، بۆ هەر هەزار منداڵێک 21 منداڵ بووە."
سەبارەت بە ئامارەکانی ساڵی 2022 ئەوە خراوەتەڕوو، "ئاماری مردنی منداڵان لە ساڵی 2022 بەهۆى پێشکەوتنی زیاتری کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەکان زۆر دابەزیوە، مردنی منداڵانی خوار 5 ساڵ بۆ هەر هەزار منداڵێک 10.2 منداڵ بووە، مردنی منداڵانی خوار یەک ساڵیش بۆ هەر هەزار منداڵێک 8.7 منداڵ بووە، مردنی منداڵانی خوار یەک مانگیش بۆ هەر هەزار منداڵێک 5.8 منداڵ بووە."
بەپێی ئاستی جیهانی، کە بۆ هەر هەزار منداڵێک مردنی 18 منداڵ بووە، هەرێمی کوردستان 5.8ى تۆمار کردووە، بەوەش رێژەى مردنی منداڵانی لەپێش وڵاتانی وەکو بەحرێن، ئێران، عێراق و یەمەنەوەیە و لە رێژەی قەتەر و ئیماراتەوە زۆر نزیکە، وەکو حکومەت دەیڵێت.
لەبارەی مردنی منداڵانی خوار 5 ساڵی، ئاستی جیهانیی مردنی منداڵان، کە بۆ هەر هەزار منداڵێک 37.7 منداڵ بووە، هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022 مردنی 10.2 منداڵی بۆ هەر هەزار منداڵێک تۆمار کردووە، بەوەش زۆر لە ئاستی جیهانییەوە کەمتر بووە.
هۆکارى سەرەکیی مردنی منداڵانى تازە لەدایکبوو و منداڵانی یەک ساڵی تاوەکو 5 ساڵی، بەگشتی بریتییە لە لەدایکبوونی پێشوەختە، هەوکردنی سییەکان، سکچوون، کەموکوڕی لە پرۆسەى لەدایکبوون، مەلاریا، بەدخۆراكی، خنکان و کێشەى هەناسەدان.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی - WHO، لە ساڵی 2020دا نزیکەى 287 هەزار دایک لە کاتی منداڵبووندا، یان 42 رۆژ دواى کاریگەرییەکانی منداڵبوون، گیانیان لەدەستداوە؛ رێژەى 95%ی ئەو مردنەش لەو وڵاتانە بووە کە داهاتی نزم و مامناوەندیان هەیە و کەرتی تەندروستییان وەکو پێویست نییە، رێژەی 87%ی ئەو مردنەش لە وڵاتانی باشووری ئەفریقا و باشوورى ئاسیا بووە.
هەر بەپێی رێکخراوەکە لەساڵی 2020دا لە وڵاتانی دواکەتوو بۆ هەر 100 هەزار دایکێك، نزیکەى 430 دایک مردوون، بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بۆ هەر 100 هەزار دایک، 12یان مردوون.
بەپێی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2021دا بۆ هەر 100 هەزار دایکێک لە هەرێمی کوردستان 23یان مردوون و لە ساڵی 2022دا ژمارەکە زیاتر دابەزیوە و بۆ هەر 100 هەزار دایکێک 16یان مردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ