رووداو دیجیتاڵ
کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ژێر دروشمی "نوێگەری لە کاردا، کۆدەنگی لە بڕیاردا" لە سلێمانی دەبەسترێت. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەکەدا میوانە و چاوەڕوان دەکرێت لە یەکەم رۆژی کۆنگرەدا سەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی ئەیلوولی 2023، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرەی پێنجەمی خۆی بە بەشداریی 600 ئەندام دەبەستێت.
لە کۆنگرەدا چەندین میوانی حکومی و حیزبی باڵا بانگهێشت کراون. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی دەکات و لە کۆنگرەی یەکێتیدا گوتارێک پێشکێش دەکات.
گۆڕانکارییەکانی نێو کۆنگرە
یەکێک لەو گۆڕانکارییە سەرەکییانەی لەم کۆنگرەیەدا یەکێتی دەیکات، بچووککردنەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییە لە 121 ئەندامەوە بۆ 51 ئەندام؛ سەرکردایەتییەکی بچووکتر، وەکو پێشوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆبوونەوەیەکدا بافڵ تاڵەبانی بە ئەندامانی سەرکردایەتی گوتووە، کۆنگرەی ئەمجارە جیاواز دەبێت و هیچ بەربژێرێکی سەرکردایەتی هەوڵنەدات خەرجی بکات و خوان بۆ لایەنگرانی رێکبخات بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و پشتگیری لەنێو کۆنگرەدا، چونکە میکانیزم و رکابەرییەکە بەو شێوەیە نابێت کە لە کۆنگرەکانی پێشوودا کراوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، بافڵ تاڵەبانی باسی لە لیستێک کردووە کە لە کۆنگرەدا ئاشکرا دەکرێت و لیستی خۆی دەبێت بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی.
مەرجەکانی ئەندامبوون لە سەرکردایەتی
بۆ ئەندامبوون لە ئەنجوومەنی نوێی سەرکردایەتیی یەکێتی، چەند مەرجێک هەن، لەوانە ئەندامی سەرکردایەتی نابێت پۆستی ئەمنی و سەربازی هەبێت، ئەگەر ئێستاش پۆستی ئەمنی و سەربازی هەبێت، دەبێت دەستبەرداری بێت.
رووداو زانیویەتی، دەبێت ئەندامی سەرکردایەتی نوێی یەکێتی تەمەنی لە 35 ساڵ کەمتر نەبێت.
خاڵێکی دیکە کە پەیڕەو دەکرێت هێنانە پێشەوەی رووخساری نوێیە بۆ نێو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، لانیکەم دەبێت 21 ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی نوێ بن، واتە پێشتر ئەندامی سەرکردایەتی نەبووبن، بەڵام دەکرێت بەرپرسیاریێتی دیکەیان لەنێو یەکێتیدا هەبووبێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 1-06-1975 دامەزراوە و ئەندامی رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵە.
سێ ئەنجوومەن و سەرۆکی بێ جێگر
یەکێتی لە پێنجەمین کۆنگرەیدا، سێ ئەنجوومەن دروستدەکات، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی، کە پێشنیاز کراوە ناوەکەی بگۆڕدرێت بۆ ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، هەروەها ئەنجوومەنی پشتیوانی.
ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی، ئێستا کە ژمارەیان 120 کەسە، دەکرێنە ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی کە کاریان راوێژ و چاودێریکردن دەبێت.
هەروەها پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، لە سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی پێکدێت، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری لە دەسەڵاتەکانیاندا بکرێت. ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە رووداوی گوت، "ئەنجوومەنەکە دەستی دەبێت لە داڕشتنی سیاسەتی یەکێتیدا."
هێشتا یەکلانەکراوەتەوە کێن ئەوانەی سەرۆکایەتیی ئەو ئەنجوومەنانە دەکەن، پێشنیازێک هەیە سەرۆکی یەکێتی، لە هەمان کاتدا سەرۆکایەتی هەموو ئەنجوومەنەکانیش بکات. هەروەها سەرۆکی یەکێتی جێگر و کارگێڕیشی نابێت.
کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، لە 21-12-2019 بەسترا، واتا ئەمە یەکەمین جارە لە مێژووی 48 ساڵەی تەمەنی یەکێتیدا، لە چوار ساڵدا دوو کۆنگرە ببەستێت.
هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی و سەرۆک
لەو 51 ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، 30 ئەندامیان لە ئەندامە کۆنەکان دەبن، هەروەها 21 کەسیان ئەندامی نوێ دەبن، پێنج ئەندامی یەدەگیش هەڵدەبژێردرێن.
رۆژێک دوای کۆنگرە، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، سەرۆک هەڵدەبژێرن و لە هەفتەی یەکەمی دوای کۆنگرەش، کۆدەبنەوە و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵدەبژێرن.
ماوەیەکە لەنێو یەکێتی ئامادەکاری بۆ پێکهاتەی ئەنجوومەنی نوێی سەرکردایەتی دەکرێت، بەشێوەیەک کە هەر شارێک پشکی خۆی هەیە و کورسییەکان دابەشکراون. ئەمە جگە لەوەی سەرۆک خۆیشی ژمارەیەک ئەندام دەستنیشان دەکات.
لاهوور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانی
لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیدا کە لە ساڵی 2019 بەسترا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو حیزبە، سیستمی هاوسەرۆکی چەسپێنرا و لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی ئامۆزای بوونە هاوسەرۆک، بەڵام ئەو سیستمە زۆری نەخایاند و لە 8ـی تەممووزی 2021ـدا سیستمەکە هەڵوەشێنرایەوە و لاهوور شێخ جەنگی لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە دوورخرایەوە و خۆی بووە سەرۆک.
لاهوور شێخ جەنگی رۆژی سێشەممە 26-09-2023، هەڵوێستی خۆی لەبارەی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەشداریی نەکردنی خۆی لە کۆنگرەدا خستەڕوو. گوتی، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان لیستیان دەبێت.
ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش کە نزیکی ئەون، بەشداری لە کۆنگرەکەدا ناکەن لەوانە: ئاراس شێخ جەنگی، فێنک ئەحمەد، ژینۆ محەممەد، سەردار هەرکی، پەروین کاکەحەمە، شادومان مەلا حەسەن، رێبوار جاف.
کام سەرکردانەی یەکێتی بەشداریی کۆنگرە ناکەن
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆی 9 ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژوەندییەکانی یەکێتی، هەریەک لە "مەلا بەختیار، عەدنان موفتی و حاکم قادر حەمەجان" بەشداریی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ناکەن. هەروەها کۆسرەت رەسوول عەلی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و عومەر فەتاح بەهۆی باری تەندروستییانەوە بەشداری ناکەن.
رۆژی سێشەممە 26ـی ئەیلوولی 2023، سۆران جەمال تاهیر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی بەشداری لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ناکات و نابێتە بەشێک لە "کەرتبوونی" حیزبەکەی.
بەرهەم ساڵح، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەشداری کۆنگرەی پێنجی حیزبەکە ناکات و بە گەشتێک لە ئەمریکایە.
ئەو سەرکردانەی بەشداریی کۆنگرە ناکەن
لەنێو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتیدا، چەند سەرکردەیەکی دیار ئامادەنین بچنە کۆنگرە و ژمارەیەکیشیان رێگەیان پێنادرێت.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دیارترین ئەو سەرکردانەی بەشداری لە کۆنگرەدا ناکەن ئەمانەن: قادر عەزیز، حامید حاجی غالی، شۆڕش ئیسماعیل و چەتۆ ساڵح.
ئەو ژنە سەرکردە و دیارانەی بەشداری ناکەن یان دوورخراونەتەوە
لە کۆنگرەی ئەمجارەدا، چەندین سەرکردەی دیاری یەکێتی هەن کە بەشداری ناکەن، بەشێک لەوانە ناڕازین و نایانەوێ بەشداربن، بەشێکیشیان دوورخراونەتەوە و رێگەی بەشداریکردنیان پێنادرێت.
ئاڵا تاڵەبانی، کە پوورزای بافڵ تاڵەبانییە و ئەندامی سەرکردایەتی و ساڵانێکیش سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حیزبە بووە لە پەرلەمانی عێراق، یەکێکە لەو کەسە دیارانەی بەشداریی کۆنگرە ناکات.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، چەند ژنە سەرکردەیەکی دیکەش بەشداریی لەم کۆنگرەیەدا ناکەن، لەوانە: فێنک ئەحمەد قادر، شلێر ژاژڵەیی، ژینۆ محەممەد و پەروین کاکەحەمە.
کۆنگرە و پلنیۆمەکانی یەکێتی لە 1975 تاوەکو 2023
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە 1-06-1975 دامەزراوە، دوای ساڵێک لە دامەزراندنی، شۆڕشی نوێی هەڵگیرساندووە و ئەندامی رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵە.
- لە حوزەیرانی 1975 بەیاننامەی دامەزراندنی یەکێتی لە دیمەشق راگەیێندرا.
- لە ساڵی 1992 یەکەمین کۆنگرەی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بەست و 793 ئەندام بەشداربوون.
- لە ساڵی 2001 دووەمین کۆنگرەی بە بەشداریی 1247 ئەندام لە سلێمانی بەست.
- لە ساڵی 2010 بە بەشداریی زیاتر لە 1500 ئەندام، کۆنگرەی سێیەمی بەست.
- لە ساڵی 2019 بە بەشداریی زیاتر لە 1000 ئەندام کۆنگرەی چوارەمی بەست و بۆ یەکەمجار سیستمی هاوسەرۆکیی پەسندکرد.
هەروەها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە 48 ساڵی تەمەنیدا، پێنج پلنیۆمی بەستووە.
- ساڵی 1990 لە قاسمەڕەش یەکەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 1995 لە هەولێر دووەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 2007 لە قەڵاچوالان سێیەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 2009 لە سلێمانی، چوارەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 2013 لە سلێمانی، پێنجەمین پلنیۆمی بەست
جگە لە کۆنگرە و پیلینۆمەکان یەکێتی لە تەمەنیدا دوو کۆنفرانسیشی سازکردووە:
- یەکەم: لە 31-8 تاوەکو 12-9-1977 لە برادۆست.
- دووەم: 2-18ـی ئاداری 1980 لە ناوزەنگ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ