رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی ناحیەی تەلتەمر لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا نزیکەی 30 گوندی ناحیەی تەلتەمریان داگیرکردووە و بەهۆی هێرش و تۆپبارانەکانیشەوە نزیکەی 23 گوندی دیکە، کە دەکەونە هێڵی پێشەوەی شەڕ و هێرشەکان، چۆڵبوون.
جوان مەلا ئەیوب، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی ناحیەی تەلتەمر لە رۆژئاوای کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەردەوام هێرش دەکەن و تۆپبارانی گوندەکانی سنووری ناحیەی تەلتەمر دەکەن لە رۆژئاوای کوردستان."
بەهۆی هێرشەکانەوە، بە گوتەی هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی ناحیەی تەلتەمر لە رۆژئاوای کوردستان، نزیکەی 30 گوندی ناحیەی تەلتەمریان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا داگیرکراون و نزیکەی 23 گوندیش بەهۆی شەڕەوە چۆڵ بوون.
جوان مەلا ئەیوب ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژانە گوندەکانی سنووری تەلتەمر تۆپباران دەکرێن و هێڵی کارەبا و ئاوی گوندەکانیش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە پچڕاوە.
لەبارەی پێکهاتەی گوندەکانەوە، جوان مەلا ئەیوب گوتی، پێکهاتەی گوندەکانی دەوروبەری ناحیەی تەلتەمر پێکدێن لە کورد و عەرەب و ئاشووری، ئەو گوندانەشی کە بەر هێرشەکان کەوتوون و چۆڵکراون گوندی پێکهاتەی ئاشوریین.
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی ناحیەی تەلتەمر باسی لەوەش کرد، "بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و گرووپەکانی نزیک لەو وڵاتە، نزیکەی 4200 خێزانی دانیشتووی 12 گوندی سنووری سەرێکانی و گوندەکانی تەلتەمر ئاوارە بوون."
هەروەک ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی بوونی ئاوارەیەکی زۆر لە ناوەندی ناحیەی تەلتەمر، بەشێک لەو خێزانانەی ئاوارە بوون لە قوتابخانەکاندا دەمێننەوە و ئەوەش کێشەی بۆ پرۆسەی خوێندن لە تەلتەمر دروستکردووە و ژمارەیەک خێزانی خەڵکی عەفرین ئاوارە بوون و لە گوندێکی ئاشورییەکاندا نیشتەجێ بوون.
جوان گوتیشی، "لە هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیادا ژێرخانی ئابووری و کەرتی کشتوکاڵیی ئەو ناوچانەی وێران دەکرێن و؛ دانیشتووانی عەفرین و ناوچەکانی شەڕ کە ئاوارە دەبن، روودەکەنە ناحیەی تەلتەمر و گوندەکانی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ