رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە ئیدارییەکانی پارێزگای کرماشان، بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەنجوومەنی شاری کرماشان دا و هەڵیوەشاندەوە.
سەعید سەلیم ساسانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شارەکان و ئەنجوومەنی شارەکان لە پارێزگاریی کرماشان رایگەیاند، لە دووەم کۆبوونەوەی لیژنەی چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە ئیدارییەکانی پارێزگاکەدا، کە رۆژی دووشەممە 27-10-2025 لە باڵەخانەی پارێزگای کرماشان بەڕێوەچوو، بڕیاری کۆتایی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی شاری کرماشان درا.
بە گوتەی سەلیم ساسانی، لە کۆبوونەوەی یەکەمی لیژنەکەدا راپۆرتێک لەبارەی کێشەکانی ئەنجوومەنی شار خراوەتەڕوو و دواتر بەدواداچوونی مەیدانی کراوە لەلایەن کارناسانی پارێزگارییەوە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان دراوە بە لیژنەی چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە ئیدارییەکان. بەپێی راپۆرتەکە، ئەنجوومەنی شاری کرماشان توانای راپەراندنی ئەرکە یاساییەکانی نییە و ناتوانێت کۆبوونەوەی ئاسایی بکات بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی شار.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شارەکان و ئەنجوومەنی شارەکان لە پارێزگاریی کرماشان دەڵێت، ئەو بڕیارە کۆتاییە و دەکەوێتە واری جێبەجێکردن.
سەعید سەلیم ساسانی لە 25-09-2025 رایگەیاندبوو، بەپێی راپۆرتی قایمقامی کرماشان ئەنجوومەنی ئەو شارە توانای بەڕێوەبردنی کارەکانی نییە، بۆیە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان داوە. دوای ئەوە دۆسیەی ئەنجوومەنی شاری کرماشان بۆ بڕیاردانی کۆتایی رەوانەی لیژنەی چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە ئیدارییەکانی پارێزگاکە کرا.
بەپێی یاسای ئەنجوومەنەکان لە ئێران، ئەگەر ئەنجوومەنی شارێک هەڵوەشێنرایەوە، دەسەڵاتەکانی لەو شارانەی ناوەندی پارێزگان، دەدرێتە پارێزگار و بەو پێیە، تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو، کە بڕیارە لە 01-05-2026 بەڕێوەبچێت، دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی شاری کرماشان دەدرێتە پارێزگاری کرماشان.
ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری کرماشان 11 کەسە و بە دەنگی راستەوخۆی خەڵک هەڵدەبژێردرێن. سەرەکیترین ئەرکی ئەنجوومەنی شارەکان، هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانی و بڕیاردانە لەسەر بودجەی شارەوانی و چاودێریکردنی کاروباری شارەوانی.
لە مانگی 6ـی ئەم ساڵەوە کە سەرۆکی شارەوانیی کرماشان بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەکە دەستی لەکارکێشابووەوە، ئەنجوومەنی شارەکە نەیتوانیبوو سەرۆکێکی نوێ بۆ شارەوانی هەڵبژێرێت. ئەندامانی ئەنجوومەنی کرماشان بەسەر دوو دەستە دابەش ببوون و ناکۆکییان پێکەوە هەبوو.
حەمیدڕەزا کەریمی، داواکاری گشتیی کرماشان رۆژی چوارشەممە 15-10-2025 رایگەیاند، دوو ئەندامی ئەنجوومەنی شاری کرماشان و ژمارەیەک بەرپرسی شارەوانی بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی بەرپرسیارێتییان و وەرگرتنی بەرتیل دەستبەسەر کراون.
رۆژنامەی باختەر کە هەواڵەکانی پارێزگای کرماشان بڵاودەکاتەوە رایگەیاندووە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنی شاری کرماشان، خەڵکێکی زۆر دڵخۆشییان دەربڕیوە و سوپاسی پارێزگار و بەرپرسانی دیکەی پارێزگا و شارەکەیان کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجوومەنە و دەڵێن، ئەندامانی ئەم خولەی ئەنجوومەنەکە نەیانتوانیوە خزمەتی خەڵک بکەن و بەهۆی ناکۆکیی ئەوان، شارەوانی کرماشانیش بەپێی پێویست خزمەتی شارەکەی نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ