یەکێکی دیکە لە پاسەوانەکانی موراد کانی کوردەیی گیانی لەدەستدا

27-11-2021
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن موراد کانی کوردەیی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە یەکێکی دیکە لە پاسەوانەکانی عەقید موارد کانی کوردەیی گیانی لەدەستدا و کەسوکارەکەیشی هەواڵەکەیان بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە.
 

سەرکان فاخیر خەتی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 25ی نۆڤێمبەری 2021 لە نێو سەنتەری شاری رانیەوە لەلایەن هێزێکەوە لەگەڵ موراد کانی کوردەیی و چەند پاسەوانێکی دیکە تەقەیان لێکرا و بە هۆیەوە خۆی برینداربوو، دوای برینداربوونی گەیێنرایە نەخۆشخانەیەکی هەولێر و ئێوارەی رۆژی شەممە 27-11-2021 گیانی لەدەستدا
 
سەرچاوەیەک لە کەسوکاری سەرکان فاخیر هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی " ئێوارەی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەیشی لە هەولێرەوە دەبرێتەوە شکارتە و بڕیاریشە لە خەتێ بە خاک بسپێردرێت"
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا ئێستا تەرمی سەرکان فاخیر لە نەخۆشخانەیەکی هەولێرە و دوای شۆردنی تەرمەکەی دەگەڕێنرێتەوە شارۆچکەی شکارتە لە سنووری رانیە و دواتر لە گوندەکەی خۆیان [خەتێ] بەخاک دەسپێردرێت.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 25-11-2021 موراد عەبدولڕەحمان عەوڵڵا، ناسراو بە موراد کانی کوردەیی و دوو لە پاسەوانەکانی بە ناوەکانی خۆشناو وەیسی و هاوکار نازم، لە نێو سەنتەری شاری رانیەوە لەلایەن هێزێکەوە تەقەیان لێکرا و بە هۆیەوە گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون. ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە یەکێک لە پاسەوانە بریندارەکانی موارد کانی کوردەیی گیانی لەدەستدا.

رۆژی هەینی تەرمی موراد کانی کوردەیی لە گۆڕستانی شەهیدان لە کۆیە بەخاکسپێردرا و بنەماڵەکەشی راگەیێندراوێکیان لە بارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە.

لە راگەیێندراوی بنەماڵەکەیدا هاتووە: "عەمید (موراد عەبدولڕەحمان عەوڵا) ناسراو بە (موراد کانی کوردەیی ) و دوو لە پاسەوانەکانی بە ناوەکانی (خۆشناو وەیسی و هاوکار نازم ) لە کردەوەیەکی تیرۆریستی و ترسنۆکانەدا و بە پیلانێکی هاوبەش و نەخشە بۆ داڕێژراوی دوو دەزگای ئەمنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە شەهیدکران و پاسەوانێکیشی بەناوی (سەرکار فاخیر) بریندارکراوە. یەکێک لە هاوڕێکانیشی بەناوی ( فرسەت قادر ئەحمەد) فرێندراوە و تائێستا چارەنووسی نادیارە".

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان و موراد کانی کوردەیی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی، موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی رووبەڕووی هێزێکی ئەمنیی "فەرمی" دەبنەوە. بەهۆیەوە کارمەندێک دەکوژن و سێ کەسیش بریندار دەکەن. هاوکات خۆی و دوو پاسەوانی "دەکوژرێن."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە