مامۆستایانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆتیان نەشکاند

27-11-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی دوێنێ داوای لە مامۆستایان و قوتابییان کرد بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام لە سنووری پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و بەشێک لە قوتابخانەکانی گەرمیان و راپەڕین بایکۆتی مامۆستایان بەردەوامە. 
 
زیاتر لە 70 رۆژە بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە؛ هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین، گەرمیان و پەروەردەی قەزای کۆیە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە. بەگوێرەی راگەیێندراوی رۆژی یەکشەممە 26-11-2023ی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی، دەبووایە ئەمڕۆ دووشەممە 27-11-2023، دەرگەی سەرجەم قوتابخانەکانی سنوورەکە بکرێتەوە.
 
هونەر حەمید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە گەرمیان لەبارەی پڕۆسەی خوێندن لەو ناوچەیە ئەمڕۆ دووشەممە گوتی، ''لە بەشێک لە قوتابخانەکان دەوام دەستی پێ کردووەتەوە. زۆربەی ئەو قوتابخانانەش کە دەرگەیان نەکراوەتەوە لە سنووری گوندەکانن کە زۆرینەیان مامۆستایانی وانەبێژ وانەیان تێدا دەڵێنەوە."
 
هاوکات هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی گوتی، ''تاوەکو ئێستاش بەڕێوەبەرایەتییەکان نەیانتوانیوە لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی بگەنە ئەو ئەنجامەی کە لە دوای 74 رۆژ بایکۆتکردنەوە قوتابخانەکان بکرێنەوە."
 
لە سۆشیاڵ میدیا دەنگۆیەک هەیە کە گوایە مامۆستایان لە ئەنجامی نەچوونەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن سزا دەدرێن. بە گوتەی هۆرڤان رەفعەت، ''تاوەکو ئێستا بە شێوەی فەرمی هیچ رێنماییەکی لەو جۆرە لە پەروەردەکانی سلێمانی و هەڵەبجە نییە، واتە ئەمە هەواڵێکی دروستکراوە."
 
هاوکات، سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە هەڵەبجە رایگەیاند، ''ئەمڕۆ جگە لە قوتابییانی پۆلی 12 هیچ قوتابییەک نەچووەتەوە هۆڵەکانی خوێندن."
 
بە گوتەی پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە، قوتابخانەکان لە هەڵەبجە چاوەڕێی سلێمانی دەکەن و گوتیشی، سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی پێی راگەیاندووە کە ''ئەگەر لە سنووری پەروەردەی سلێمانی سێ قوتابخانە بکرێنەوە، ئەوانیش رۆژی دواتر لە هەڵەبجە یەکسەر دەست بە خوێندن دەکەنەوە.''
 
ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیای رووداو لە رانیە باسی لەوە کرد، لەو دەڤەرەش هاوشێوەی شوێنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کە بایکۆتی خوێندنیان تێدا کراوە، جگە لە قوتابییانی پۆلی 12 هیچ قوتابییەک نەچووەتەوە هۆڵەکانی خوێندن."
 
ئەبوبەکر ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رانیە رایگەیاندووە، ''فەرمانیان بۆ هاتووە، بەڵام مامۆستایانی ناڕازی ناچار ناکەن کە بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن، بەڵکو چاوەڕێن مامۆستایان داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێن یان دانیشتنێک لە نێوان نوێنەری مامۆستایان و وەزارەتی پەروەردە بکرێت بۆ ئەوەی هەر چۆنێک بێت لەوە زیاتر پڕۆسەی خوێندن لە سنووری ئیدارەکە دوانەکەوێت."
 
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن بریتییە لە پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابییان، دەوامیان نەکردووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە