رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان رایگەیاند، سەرەتای مانگی داهاتوو لەگەڵ بەرپرسانی وەزارتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە بۆ پرسی هەموارکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان و باسکردنی نوێترین هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا.
لەبارەی ئەو پرسە، سەرۆکی رێکخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەکانی نەوت دەڵێت، "عێراق دەیەوێت جۆری گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بگۆڕێت، نەوەک ماوەی گرێبەستەکان."
رۆژی دووشەممە، 27-11-2023، باسم محەممەد، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، "سەرەتای مانگی کانوونی دووەم لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کۆدەبینەوە بۆ تاوتوێکردنی هەموارکردنەوەی گرێبەستەکان بەشێوەیەک زیاتر جەخت لە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی باکوور لە رێگەی تورکیاوە بکاتەوە."
بەرپرسەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، لەکاتی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە بۆ گۆڕینی گرێبەستەکانیان، ئەوکات هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی تورکیاوە دەستپێدەکاتەوە.
باسم محەممەد باسی لەوەشکردووە، ئەوان پێشبینی دەکەن بگەنە رێککەوتن، چونکە بە گوتەی ئەو "کۆمپانیا نەوتییەکان دەیانەوێت بەبێ کێشە بەردەوامبن لە کارکردن لە هەرێمی کوردستان."
رۆژی دووشەممە، 27-11-2023، یادگار سدیق، سەرۆکی رێکخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەکانی نەوت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پرسی گرێبەستە نەوتییەکان، ماوەکەی نییە، بەڵکو جۆری گرێبەستەکانە، هەرێمی کوردستان بە گرێبەستی بەشداریکردن لە بەرهەم کاردەکات و جۆری گرێبەستەکانی عێراق خزمەتگوزارییە، عێراق دەڵێت گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مادەی 111ـی دەستووری عێراق یەکانگیر نییە، کە دەڵێت نەوت و گاز موڵکی هەموو گەلی عێراقە."
ئەو پسپۆڕەی نەوت کە تێزی ماستەرەکەی بەراوردکارییە لەنێوان گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گرێبەستەکانی عێراق، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد گەیشتن بە رێککەوتن ئاسانە، بەتایبەت کۆمپانیا نەوتییەکان دەیانەوێت مافەکانیان بپارێزرێت و بەپێی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانی عێراق کارەکانیان بەبێ بەربەست بکەن، گوتیشی، "ئەگەری گەیشتنە رێککەوتن هەیە."
کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان کار بە گرێبەستی هاوبەشیی بەرهەم (PSC) دەکەن، بەڵام لە عێراقدا کار بە گرێبەستی خزمەتگوزاریی (Service Contract) دەکرێت. لە هەردوو جۆرە گرێبەستەکەشدا بڕگەی (cost recovery) هەیە، واتە وەرگرتنەوەی خەرجییەکان، کە ئەم خەرجییانە لە دووبەش پێکهاتوون؛ یەکێکیان پێیدەگوترێت خەرجیی سەرمایە (CAPEX) ئەوی دیکەیان (OPEX).
مەبەست لە یەکەمیان کۆی ئەو خەرجییە گەورانەیە، کە کۆمپانیاکە لە بلۆکە نەوتییەکەدا کردوونی، وەک گەڕان و دۆزینەوەی نەوت و بیرلێدان، تاوەکو ئامادەکردنی بیرەکان و هەموو ژێرخانی بلۆک و بیرە نەوتییەکان، هەرچی (COPEX)ـە واتە خەرجیی بەگەڕخستن، چاککردنەوە، مووچە و هەموو ئەو خەرجییانەی بەکارخستن، کە رۆژانە لە بلۆکە نەوتیەکەدا دەکرێن.
لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە، لە کاتێکدا بەگوێرەى یاساى بودجە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى بەغدا بکات بەمەبەستى هەناردەکردنى یان بۆ بەکارهێنانى نێوخۆیی.
رۆژی یەکشەممە، 12-11-2023، شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و ئەندامیێتیی ژمارەیەک بریکاری وەزیر و راوێژکار گەیشتنە هەولێر، وەزیری نەوت دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستانی، بە یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکان و هۆکارەکانی سەردانەکەیانی باسکرد.
رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام هێشتا هەناردە دەستی پێنەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ