رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر رایگەیاند ئەو کێشەیەی بەهۆی کەمیی ناردنی دەفتەری پاسپۆرتەوە هەبوو، چارەسەرکرا، داوا لەو کەسانە دەکات کە وادەی پەنجەمۆریان تاوەکو رۆژی یەکشەممە، 26ـی ئەم مانگە بووە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکانیان سەردانیان بکەن.
شەوی دووشەممە، 27-11-2023، بەرێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی چاپی پاسپۆرتی جۆری Aـی سیستەمی کۆن، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە ماوەی پێشوودا بەهۆکاری کەمیی ناردنی دەفتەری خامی پاسپۆرت لەلایەن بەغداوە چاپکردنی پاسپۆرتی جۆری A بەپێی رێکەوت لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا دواکەوتبوو، ئەو بڕە کەمەی کە مابوو تەنیا بۆ بارودۆخی زۆر بەپەلە و نەخۆشی چاپدەکرا."
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئێستا کێشەکە چارەسەرکراوە و بەفەرمانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەفسەران و کارمەندانی بەشی چاپی نووسینگەی دووی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێری راسپێردران لە کورترین ماوەدا بتوانن بەپێی بەروار پاسپۆرتەکان چاپ بکەن.
پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر دەڵێت: "دوای دانانی دەوامی سێ شەفتی بۆ چاپکردن، رۆژانە 24 کاتژمێر و 7 رۆژ لە هەفتەدا، توانرا هەموو پاسپۆرتە کەڵەکەبووەکان چاپ بکەین کە زیاتر لە 36 هەزار پاسپۆرت بوون لە کەمترین ماوەدا."
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەولێر داواش لەو کەسانە دەکات کە لەماوەی پێشوودا سەردانی نووسینگەی دووی پاسپۆڕتی هەولێریان کردووە و رێکەوتی پەنجەمۆریان تاوەکو رۆژی 26-11-2023 بووە پاسپۆرتەکانیان تەواو بووە لە رۆژی سێشەممەوە 28-11-2023، دەتوانن سەردانی نووسینگەی دووی پاسپۆرتی هەولێر بکەن بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکانیان.
بەپێی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، کاتەکانی دانەوەی پاسپۆرت لە رۆژانی دەوامی فەرمی لە کاژێر 8ـی بەیانی تاوەکو شەشی ئێوارەیە، هەروەها داواکراوە بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرت پێویستە ئەو کەسەی وەریدەگرێتەوە بەڵگەنامەی فەرمی پێبێت کە کارتی نیشتمانی یان ناسنامەی باری شارستانی بێت.
بەهۆی کەمی دەفتەری خامی پاسپۆرتەوە ماوەی چەند مانگێکە دەرهێنانی پاسپۆرت بەپێی سیستەمی کۆن خاوبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ