رووداو دیجیتاڵ
شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە تانکەرێک لە رێگەی خەبات - هەولێر وەرگەڕا و گڕی گرت. بەرگریی شارستانیی هەولێریش دەڵێت، شۆفێری تانکەرەکە گیانی لەدەستداوە.
موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە شوێنی رووداوەکە بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "ئەمە رووداوێکی هاتووچۆیە. کاژێر 12:00ی شەو لە رووداوەکە ئاگادارکراینەوە. شۆفێرەکە لەنێو تانکەرەکەدا گیری خواردووە و تەرمەکەی سووتاوە. ئەمە کارەساتێکی مەرگئامێزە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتیشی، "تا ئێستا کەسوکاری شۆفێرەکە پەیوەندییان نەکردووە. تەرمەکەی لەدوای دەرهێنانی، رەوانەی دادپزیشکیی هەولێر دەکرێت."
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە گوتی، رووداوەکە بە دیاریکراوی لە نزیک گوندی جدیدە لە باکووری رۆژئاوای هەولێر روویداوە و بەهۆیەوە، رێگەی خەبات - هەولێر داخراوە. شۆفێرەکە لە مووسڵەوە بەرەو هەولێر هاتووە.
شایەتحاڵێک بە رووداوی گوت، تانکەرەکە لە "پێشم دەچوو، هەر ئەوەندە بینیم وەرگەڕا و یەکسەر تەقییەوە."
کارمەندێکی بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی چۆنییەتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە گوتی، 25 خولەک خەریکی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بوون و ئێستا بەتەواوی کۆنتڕۆڵکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ