رووداو دیجیتاڵ
نووسەر ئیلهامی ئیشک رایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سێ جار لەگەڵ بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان کۆبووەتەوە و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەش بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا کردووە.
ئیلهامی ئیشک رۆژی شەممە، 27-12-2025، بەشداریی بووڵتەنی رۆژئاوای کوردستانی کرد لە تۆڕی میدیایی رووداو، باسی پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان و دیداری بەرپرسانی هەسەدەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد.
ئیشک دەڵێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان بە شێوەی ئۆنلاین کۆبوونەتەوە و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەش لە دیدارەکاندا ئامادە بووە.
ئیلهامی ئشک کە ئاماژە بە کۆبوونەوە ئۆجەلان و بەرپرسانی هەسەدە دەکات، بە رووداوی گوت: "زانیاریم هەیە کە ئۆجەلان لەگەڵ بەرپرسانی هەسەدە کۆبووەتەوە. بێگومان ئەمە شتێکی نوێ نییە، پێشتریش ئەو کۆبوونەوەیە بە راستەوخۆ یان لەڕێی دیکە کراوە. بۆ نموونە ئیلهام ئەحمەد لە نسێبین لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەت کۆبووەتەوە، دوایین جاریش کۆبوونەوەی میت، بەرپرسانی قەندیل و بەرپرسانی رۆژئاوا کە ئیلهام ئەحمەدیشیان لەگەڵدا بووە، کراوە و دزەی کردووە. ئەو دیدارانە هیچ کاتێک نەپچڕاون؛ تاوەکو ئێستاش بەردەوامن".
"شام رازی بووە هەسەدە بە سەربەخۆ بچێتە ناو سوپا"
لەبارەی ئەوەی ئایا مەزڵووم عەبدی لەو کۆبوونەوەیەدا بووە یان نا، ئیشک گوتی: "دەزانم مەزڵووم عەبدی لەو دیدارەدا هەبووە. ئەمە ئەو کۆبوونەوەیەی هەفتەی رابردوو".
ئیشک هەروەها سەبارەت بە دیالۆگی نێوان دیمەشق و رۆژئاوای کوردستان گوتی: "رێککەوتنی نوێی نێوان هەسەدە و شام کە لە رووی سەربازییەوە کراوە، دواجار رۆژی یەکشەممە 28ی کانوونی یەکەم رادەگەیێندرێت. هەسەدە چەکەکانی دانانێت و خۆبەڕێوەبەرییەکەی دەپارێزێت؛ وەک سێ فیرقە تێکەڵی سوپای سووریا دەبێت. شام رازی بووە کە هەسەدە بە شێوەیەکی سەربەخۆ تێکەڵی سوپا بێت، بەڵام تورکیا نیگەرانی و دڵەڕاوکێی لەمبارەیەوە هەیە."
ئیشک ئاماژەی بەوەش کرد، دوایین کۆبوونەوەی ئۆجەلان و بەرپرسانی هەسەدە هەفتەی رابردوو کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ