رووداو دیجیتاڵ
خانمە سیاسەتڤانی ناوداری کورد پێیوایە ئەگەر کورد یەکگرتوو نەبێت و هێزەکانی لەژێر یەک چەتردا کۆ نەکاتەوە، پشتگوێ دەخرێن و خاوەن هێزەکان فەرامۆشیان دەکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی ئاداری 2024، لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا، لەیلا زانا، خانمە سیاسەتڤانی ناوداری کورد، لە گردبوونەوەی جەماوەریی ئەندامان و لایەنگرانی دەم پارتی لە بەدلیسی باکووری کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد.
لەیلا زانا داوای لە هاونیشتمانییان کرد بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن بۆ ئەوەی سەنگی کورد و ئیرادەی بەهێزیان لە سندووقەکانی دەنگداندا رەنگ بداتەوە و گوتی، "گوێ بە پرۆپاگەندەی خراپ و نەشیاو مەدەن، دەسەڵات لە رێگەی پرۆپاگەندەوە دەیەوێت پەرش و بڵاوتان بکات. پێویستە کورد یەکگرتووی بێت، هێزەکانی رێکبخات و لەژێر چەترێکدا کۆببێتەوە. ئەگەر یەکگرتوو نەبین، بەهێز نابین و پشتگوێ دەخرێین و خاوەن هێزەکان فەرامۆشمان دەکەن. بەپێچەوانەوە هەر چەندە یەکگرتوو و بەهێز بین، هێندەی دیکە حیسابمان بۆ دەکرێت و گوێیان بۆ داواکارییەکانمان شل دەکەن."
لەیلا زانا راشیگەیاند، ئەگەر دەتانەوێت کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن، ئەگەر دەتانەوێت دەرگەی زیندانەکان بە رووی زیندانیکراوەکانمان بکرێتەوە، ئەگەر چاوتان لە خۆشگوزەرانی و ئارامی بێت، ئەگەر دەتانەوێت ئایندەیەکی گەش بۆ نەوەکانتان فەراهەم بکەن، پێویستە وەک یەک گیان یەکگرتوو و بەهێز بین.
زانا باسی لە خراپی دۆخی ئابووری هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان کرد و رایگەیاند، "بەهۆی سیاسەتی قەدەخەکردنی چالاکییەکان و بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکان، سەتان رۆژە ناتوانن ئاژەڵەکانتان لەم دەشت و ئاواییانەدا بلەوەڕێنن، زیانی زۆر گەورە بە کشتوکاڵ و چاندنتان گەیێندراوە. دڵنیام دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، مانگانە ناتوانن یەک کلیۆ گۆشت بکڕن. برسێتی و هەژاری گەیشتووەتە خراپترین ئاست، بۆیە دەبێ بە ویژدانەوە بڕیار بدەن و دەنگ بدەن."
خانمە سیاسەتڤانی ناوداری کورد جەختی لەوەشکردەوە کە ئەگەر لەم قۆناخەدا کورد خاوەنی هەر جۆرە دەستکەوتێک بێت تەنیا لە سایەی سیاسەتی خۆیانەوە هاتووەتەدی و کەس هاوکاری نەکردوون و لە داهاتووشدا تەنیا پشت بەخۆیان دەبەستن و سڵ لە خەبات و بەرخۆدان ناکەنەوە و گوتی، "ئێمە دەمانەوێت تورکیا و کوردستان بە تەبایی و برایەتیی بژین، پێویستمان بە یەکدی هەیە، بەڵام ئەگەر کورد خاوەنداری دۆزی خۆی نەکات، کەس دەستی ناگرێت. بۆیە کاتی هاتووە لە سندووقەکانی دەنگدان هێز و سەنگی خۆمان بپارێزین."
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان، 973 شارەوانیی قەزاکان و 390 شارەوانیی ناحیەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 336 موختار هەڵدەبژێردرێن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئاداری 2024دا لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە 50.59٪ی دەنگدەران مێینەن و 49.41٪یشیان پیاون. هەروەها 1 ملیۆن و 32 هەزار و 610 کەس بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە یەک گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا سێ گەورەشارەوانی، پێنج شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییوومیان بۆ دانرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ