د. نووری عوسمان: هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی هیچ زیانێکی نەبوو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک هیچ زیانێکی نەبووە و گوتیشی، "پێویستە عێراق لێکۆڵینەوە بکات و سنوورێک بۆ گرووپە لە یاسا دەرچووەکان دابنرێت."
 
ئەمڕۆ شەممە 28ی ئاداری 2026، سێ هێرشی درۆنی کرایە سەر شاری دهۆک. یەکێک لە هێرشەکان کاژێر 11:00ی بەیانی کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک.
 
لەو بارەیەوە، د. نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و مادیی نەبوو."
 
سەبارەت بە رێکارەکان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، "پێویستە حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکات؛ بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی بدۆزرێنەوە و سنوورێک بۆ گرووپە لە یاسا دەرچووەکان دابنرێت، تاوەکو ئەو هێرشانە بوەستێنن."
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد دا و بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر ماڵەکەی لە دهۆک و بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی بۆ لێکۆڵینەوە دەرکرد.
 
جگە لە محەممەد شیاع سوودانی، هەریەکە لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا؛ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی؛ هاوپەیمانیی عەزم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.
 
هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک، کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە و زۆرینەی لایەنەکان بە پەرەسەندنێکی مەترسیداریان وەسف کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە