ماکرۆن بە کوردی: هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک قبووڵنەکراوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای هێرشکردنە سەر ماڵەکەی لە دهۆک، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا پشتیوانیی خۆی بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لە پاراستنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان کردەوە.
 
رۆژی شەممە 28ی ئاداری 2026، ئیمانوێل ماکرۆن لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بە کوردی رایگەیاند، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کردووە.
 
ماکرۆن سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە بەیانیی ئەمڕۆ کرایە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک و بە "قبووڵنەکراو" وەسفی کرد.
 
ماکرۆن ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پەرەسەندنانە "جێگەی نیگەرانیی قووڵن" و لە هەمان کاتدا سەرەخۆشیی خۆی بۆ شەهیدبوونی 6 پێشمەرگە لەم هەفتەیەدا گەیاندە سەرۆکى هەرێمى کوردستان. 
 
سەرۆککۆماری فەرەنسا گوتی، "سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان لە نێویدا، بۆ سەقامگیریی ناوچەکە پێویستن."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ماکرۆن جەختی کردەوە کە دەبێت هەموو هەوڵێک بدرێت تاوەکو رێگری بکرێت لەوەی عێراق پەلکێشی ناو ئەو ئاڵۆزی و پەرەسەندنە سەربازییانە بکرێت کە ئێستا لە ناوچەکەدا هەن و گوتی: "فەرەنسا لە پاڵ هاوبەشە عێراقییەکانیدا دەمێنێتەوە."

 

 
ئەم هێرشە بۆ سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک لە کاتێکدایە کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژى  ئێران لە دۆخێکی یەکجار ئاڵۆزدایە. 
 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 24-03-2026، هێرشێکی مووشەکیی بالیستی لە سنووری خەلیفانی هەولێر، بووە هۆی شەهیدبوونی 6 پێشمەرگە، کە هەرێمی کوردستان تارانی بە ئەنجامدانی تۆمەتبار کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە