رووداو دیجیتاڵ
دوای ماوەیەک لە وەستان، دابەشکردنی نەوتی سپی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام لە پارێزگای هەڵەبجە بەهۆی نەبوونی نەوتەوە راگیراوە. لێپرسراوانی نەوت و کانزاکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو بڕە نەوتەی لە بەغداوە دەگات، بەراورد بە پێویستیی نێوخۆ کەمە.
بەهۆی جەنگەوە لە 28ـی شوباتەوە دابەشکردنی نەوتی ماڵان وەستابوو، گازی شل (LPG)ـی حکومی و بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە.
" لە سەنتەری هەولێر زیاتر لە 8 ملیۆن لیتری دابەشکراوە"
رۆژی شەممە، 28ـی ئاداری 2026، سالار محەممەد، لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەیەک پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت وەستابوو، بەڵام لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە جارێکی دیکە دەستمان بە دابەشکردن کردووەتەوە و ئێستا رۆژانە یەک بۆ دوو تانکەر نەوتمان لە عێراقەوە بۆ دێت و هەندێک رۆژیش هیچمان بۆ نایت".
لەبارەی بڕی پێویست و ئەوەی دابەشکراوە، سالار محەممەد گوتی: "سەنتەری هەولێر پێویستی بە 45 ملیۆن لیتر نەوتە، بەڵام حکومەتی عێراق تەنیا بەڵێنی 15 ملیۆن لیتری داوە. لەو بڕەش تاوەکو ئێستا 9 ملیۆن لیتری ناردووە کە زیاتر لە 8 ملیۆن لیتری دابەشکراوە و 900 هەزار لیتر ماوە."
لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون نەوتی هەولێر گوتی، کە ئێستا لە مەرکەزی 201 لە شەقامی سوورچیان، 10 بریکاری نەوت ئاگادار کراونەتەوە و هاووڵاتییان نەوت وەردەگرن. گوتیشی: "پارێزگای هەولێر بە هەموو ئیدارە سەربەخۆکان و قەزا و ناحیەکانەوە، پێویستی بە 105 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە."
ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەشی دەکات، بەرمیلێکی بە 105 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاووڵاتییان. سالار محەممەد دەڵێت: " 100 لیتر بە 31 هەزار دینار بۆ سەنتەری شاری هەولێر دابەشدەکرێت."
سلێمانی؛ "چاوەڕێی بڕی زیاتری نەوتین"
لە پارێزگای سلێمانیش پڕۆسەکە دەستیپێکردووەتەوە، محەممەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "لە ئەمڕۆوە دەستمان بە دابەشکردنی ئەو بڕە نەوتە کردووەتەوە کە لەبەردەستماندا بوو، هەوڵدەدەین هەمووی دابەش بکەین و تاوەکو سبەی ئەو بڕە تەواو دەبێت."
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتا خەڵکێکی زۆر نەوتیان وەرنەگرتووە و چاوەڕێی گەیشتنی بڕی زیاترن لە بەغداوە.
هەڵەبجە؛ پڕۆسەکە وەستاوە
بەپێچەوانەی شارەکانی دیکە، لە پارێزگای هەڵەبجە دابەشکردنی نەوت راگیراوە. سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا پڕۆسەکە لە پارێزگای هەڵەبجە دەستیپێنەکردووەتەوە، چونکە هیچ بڕە نەوتێکمان لەبەردەستدا نییە."
قایمقامی هەڵەبجە گوتی: "لە پارێزگاکەمان بەهۆی کەمیی ئەو بڕە نەوتەی بۆمان دابینکرابوو، بڕیارماندا هەر ماڵێک تەنیا 100 لیتر بە بڕی 31 هەزار دینار وەربگرێت، بۆ ئەوەی بەشی هەمووان بکات. تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و 153 هەزار لیتر نەوت هاتووە و هەموومان دابەشکردووە، بەڵام بەغدا هیچ بڕە نەوتێکی دیکەی نەناردووە."
دهۆک؛ زیاتر لە 60%ی هاووڵاتییان نەوتیان وەرگرتووە
لە پارێزگای دهۆکیش پڕۆسەکە بەردەوامە، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوتی دهۆک بە رووداوی گوت: "لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە پڕۆسەکە دەستیپێکردووەتەوە و بەردەوامە. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 60%ی هاووڵاتییان لە سنووری پارێزگای دهۆک نەوتیان وەرگرتووە."
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد: "تاوەکو ئەو کاتەی نەوتمان لەبەردەستدا بێت، لە دابەشکردنی بەردەوام دەبین."
لە 13-10-2025 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەستی بە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ