کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کلیمێنس زێمتنەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی ئەندام لەو یەکێتییە، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەیان کرد کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک.
کلیمێنس زێمتنەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وێڕای دەربڕینی دڵخۆشی بەوەی کە هیچ کەسێک لە هێرشەکەدا بریندار نەبووە، رایگەیاند: "ئەم جۆرە تووندوتیژییە نابەرپرسانەیە مەترسیی پەرەپێدانی زیاتری ئەو بارودۆخە هەستیارەی هەیە کە لە عێراق و بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە."
باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا جەختی لەوە کردەوە، هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت، نێردە دیپلۆماسییەکان و ئەو بەرپرسانەی نوێنەرایەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، "کارێکی تاوانکارییە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت." داواشی کرد، دەبێت هەرچی زووە بکەرانی ئەم هێرشە دەستگیر بکرێن و رووبەڕووی دادپەروەری بکرێنەوە.
لەو نامەیەدا کە وێنەیەکی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێردراوە، یەکێتیی ئەورووپا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات پشتگیری لە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە لە ناوخۆی عێراقدا بکەن. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە هەمووان پشتیوانی لە دەسپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە گەورەیەی کە ئێستا تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە.
رۆژی شەممە 28ی ئاداری 2026، سێ هێرشی درۆنی کرایە سەر شاری دهۆک. یەکێک لە هێرشەکان کاژێر 11:00ـی بەیانی کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک.
هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک، کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە و زۆرینەی لایەنەکان بە پەرەسەندنێکی مەترسیداریان وەسف کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ