رووداو دیجیتاڵ
لە کاژێر 20:30 ئەمشەو شەممەوە، زنجیرە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگاکانی تاران، خوزستان، فارس و تەورێز دەستیان پێکردووە و تەنیا لە تاران دەنگی تەقینەوە لە زیاتر لە 22 گەڕەک بیستراون.
لە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەنگی چوار تەقینەوە بیستراون و شایەتحاڵان دەڵێن سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە چیای شنە چیر لە باکووری شاری ئیلام کراوەتە ئامانج.
میدیای ئێران دەڵێن، لە شارەکانی تاران، تەورێز، شیراز و هەفتکێل دەنگی تەقینەوە بیستراون و سیستمی بەرگریی ئاسمانی کارا کراوە.
بەگوتەی وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوزستان؛ لە هێرشەکانی ئەمشەودا بۆ سەر شاری هەفتکێل، سەرچاوەی ئاوی شارەکە کراوەتە ئامانج.
لە زۆربەی ناوچەکانی تاران دەنگی تەقینەوە ی بەهێز بیستراون بەتایبەت لە گەڕەکەکانی حەکیمیە، سەعادەت ئاباد، جەنەت ئاباد، ئێکباتان، شەهرەکی غەرب، سەیدخەندان، تێهرانسەر، فیردەوس، لۆیزان، پاسداران، هێروی، مەحەلاتی، گیشا، پارچین، کوهەک، فیردەوسی غەرب، مەیدانی حوڕ، خەسرەو پەرویز، سەتارخان، پیرۆزی و مێهرئابادی باشوور.
میدیای ئێران دەڵێن هێرش کراوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سڤیل لە گەڕەکەکانی مەسعودیە و خەسرەوپەرویزی تاران و کوژراو و بریندار هەن.
زۆرترین سووڕانی فڕۆکە و دەنگی تەقینەوە لە نزیک دامەزراوەی پارچین لە باشووری رۆژهەڵاتی تاران و گەڕەکی کوهەک لە رۆژئاوای تاران بووە.
دامەزراوەی پارچین کۆمەڵگەیەکی سەربازی - پیشەسازی هەرە گرنگی ئێرانە کە سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەیە و لە 30 کیلۆمەتری باشووری رۆژهەڵاتی تاران هەڵکەوتووە.
دەستەی فەرماندەیی بۆشایی و ئاسمانی سوپای پاسداران، زانکۆی بۆشایی و ئاسمانی عاشوورای سەر بە سوپای پاسداران، سەربازگەی چیتگەر و کۆلێژی سەربازی ئەرتەش لە گەڕەکی کوهەک لە رۆژئاوای تاران هەڵکەوتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ