رووداو دیجیتاڵ
شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دووکانی سنووری سلێمانی کۆبوونەوە.
شاندەکەی پارتی لەلایەن مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی سەرۆکایەتیی دەکرێت و هەریەکە ئومێد سەباح، دڵشاد شەهاب، پشتیوان سادق و هۆشیار زێباری ئەندامی شاندەکەن.
شاندەکەی یەکێتیش لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی سەرۆکایەتیی دەکرێت و هەریەکە لە قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، رێواز فایەق، ئامانج رەحیم، نزار ئامێدی و شاڵاو شێخ سەلاح ئەندامی شاندەکەن.
چاوەڕوان دەکرێت شاندی هەردوو لا گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لەکاتی بەشداریکردنی لە رۆژی هیوا جەمال گوتی: "گفتوگۆی زۆر لەبارەی بنەماکانی حوکمڕانی کراوە و پێویستیش بوو بکرێت، چونکە بەلای یەکێتییەوە لە دابەشکردنی پۆستەکان گرنگترە. لەسەر ئەو خاڵانە وەستاوین کە پێشتر ناکۆکییان لەسەر بووە."
پۆڵا تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، "باسی دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی داهاتووی حکومەت دەکرێت و لێکتێگەیشتنی باش هەیە و رێککەوتن دەنووسرێتەوە و دواتر واژۆ دەکرێت."
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، زیاتر گوتی: "باسی پێکهێنانی حکومەت، رۆژەڤ و گۆڕانکارییەکان لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و عێراقیش دەکرێت."
نوێدەکرێتەوە...
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ