رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پارتەکەی هێشتا بە فەرمی پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو نەکردووە و لە "پرۆسەیەکی گشتگیری راوێژکاریدایە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی عێراق". دەشڵێت، "هەموو بژاردەکان بەردەستن، چ بە گەڕانەوە یان نەگەڕانەوە."
دانەر عەبدولغەفار، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "ئەو گومان و ترسانەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبن و پێمانوایە پێویستی بەوەیە هەڵسەنگاندنێکی گشتیی بارودۆخەکە بکەین."
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەدا، بنەماکانی 'سازان، هاوبەشی و هاوسەنگی' لە عێراقدا "خەریکە نامێنن" و گوتی: "پێشێلی دەستوور دەکرێت، هەوڵ هەیە کە هەرێمی کوردستان بچووک بکرێتەوە، دەسەڵاتە دەستوورییەکانی لێ بسەندرێتەوە و گوشاری لەسەر دروست بکرێت."
دانەر عەبدولغەفار، رەخنەی لە هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵیش گرت لە بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بڕینی بودجە و مووچەی وەکو تاوانی جەنگ چوواند و گوتی: "بڕینی مووچە و گوشاری ئابووری دەچێتە چوارچێوەی تاوانەکانی جەنگ، هیچ جیاوازییەکی نییە کە من تۆ بە چەک بکوژم یاخود لە برسان."
سەبارەت پەرتەوازەیی لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا، دانەر عەبدولغەفار ئەوەی بە "درزێک" وەسف کرد کە لایەنەکانی دیکە "لێیەوە دێنە ژوورێ" و جەختی لەوە کردەوە "ئەگەر پێکەوە نەبین، کەسمان لە بەغدا براوە نین."
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دووپاتیکردەوە کە پارتەکەی لە راوێژدایە و پەلەی نییە لە بڕیاردان و گوتی: "ئێمە جارێ بایکۆتی حکومەت و پەرلەمانمان کردووە، بایکۆتی پرۆسەی سیاسیمان نەکردووە،" بەڵام جەختیشی کردەوە کە بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی "یەکێکە لە ئەگەرەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ