رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردە هەموو قوتابخانەکانی باشووری کوردستان ناچار دەکات، لەگەڵ کۆتایی خوێندندا کتێب لە قوتابیان وەربگرنەوە بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو بەکاری بهێننەوە. بەرپرسێکی وەزارەتەکە دەڵێت، چاپکردنەوەی یەک کتێب 700 ملیۆن دیناری پێویستە، نایانەوێ ئەو پارەیە بەهەدەر بچێت.
ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی هەموو پەروەردەکانی کردووە، رایگەیاندووە، "پێویستە دووپات لە قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەکانتان بکەنەوە، رۆژانە دوای کۆتایی هەر تاقیکردنەوەیەک کتێبیان وەربگیرێتەوە".
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: "دەبێت هەموو کتێبەکان بەشێوەیەکی رێکوپێک لە کۆگای قوتابخانەکان دابنرێت بۆ دابەشکردنەوەیان بەسەر قوتابیانی ساڵی خوێندنی داهاتوو (2026-2027) کە دواتر وەزارەتمان دیاری دەکات".
بەگوێرەی وەزارەتی پەروەردە بۆ رووداو، بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026، لە هەرێمی کوردستان 22 ملیۆن و 134 هەزار و 74 کتێبی نوێ چاپکراون.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پەروەردە ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رووی داراییەوە حکومەت لە جۆرێک قەیراندایە و هەموو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی خەرجی دەدات، چاپنەکردنەوەی کتێبیش لەو چوارچێوەیەدایە، چونکە کتێبمان هەیە چاپکردنەوەی 700 ملیۆن دیناری تێدەچێت".
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، "ساڵی داهاتوو نێوەڕۆکی بەشێکی کتێبەکان دەگۆڕدرێن و بۆ خوێندنی ساڵی 2026-2027 ئامادە نابن و دەکەونە ساڵی دواتر، بۆیە پێویست ناکات بۆ خوێندنی ساڵی نوێ کۆمەڵێک لەو کتێبانەی ئێستا هەن چاپکرێنەوە و تەنیا یەک ساڵ بەکاربهێندرێن، چونکە بەهەدەردانی پارەیەکی زۆر و سامانی دەوڵەتە".
چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان کتێب لە قوتابیان وەرناگیرێتەوە و بۆ ساڵی نوێ کتێبی نوێ چاپ دەکرێتەوە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، ئەم ساڵەی خوێندن (2025-2026) ملیۆنێک و 681 هەزار و 522 قوتابی لە قوتابخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنن. هەروەها 146 هەزار و 50 قوتابی قوتابخانە تایبەتەکاندا دەخوێنن.
لە هەرێمی کوردستان 7 هەزار و 585 قوتابخانە هەن، 6 هەزار و 957 قوتابخانەی حکومی و 628 قوتابخانەی ناحکومی (تایبەت).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ