شارەوانیی کەلار: بۆ دابەشكردنی زەوی چاوەڕێی قەرەبووکردنەوەی جووتیارانین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
زانیار بەهادین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئێستا هیچ زەوییەک بەسەر فەرمانبەران لە گەرمیان دابەشنەکراوە، سەرۆکی شارەوانیی کەلار دەڵێت، زەوییەکان بۆ دابەشکردن ئامادەن، تەنیا قەرەبووی جووتیاران ماوە، دوای تەواوکردنی کاری لیژنەکان راستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی زەوی دەکرێت. 
 
رۆژی 28ـی نیسانی 2026، سامان رەحیم، سەرۆکی شارەوانیی کەلار لەبارەی هۆکاری دابەشنەکردنی زەوی لە گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زەویی فەرمانبەران لە کەلار لای ئێمەوە ئامادەیە بۆ دابەشکردن، بەڵام ئەوەی ماوە قەرەبووکردنەوەی جووتیارانە کە ئێستا لیژنەکان سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانن و دوای تەواوبوونی کاری لیژنەکان راستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی زەوی دەکرێت. 
 
هەفتەی رابردوو سەرۆکی شارەوانیی کەلار لەبارەی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی و کێشەی جووتیاران سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵی کرد، سامان رەحیم گوتی: "لەبارەی چەند گرفتێکەوە سەردانی وەزیری کشتوکاڵمان کردووە، چونکە لە سنووری گەرمیان لەوانەیە هەندێک لە گرێبەستەکانیان کێشە و گرفتی تێدا بێت، بۆیە ئەو گرفتانە چارەسەرکران". 
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان کارەکانی بۆ رووپێویکردنی زەوییە داچێندراوەکان دەستیپێکردووە و نزیکەی 30%ـی کارەکان تەواوکراون، بە گوتەی سەرۆکی شارەوانیی کەلار، چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەکە دوو تاوەکو سێ مانگ بخایێنێت.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی کەلار بۆ رووداو، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ناوی زیاتر لە 25 هەزار فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی زەوی دەرچووە، لە سنووری کەلار 17 هەزار و 681 فەرمانبەر فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، لەو ژمارەیە 12 هەزار و 831 فۆڕم گەڕێندراونەتەوە. لە رزگاری 3 هەزار و 308 فەرمانبەر و لە کفرش 4 هەزار و 729 فەرمانبەر رەزامەندی و فەرمانی دابەشکردنی زەوییان پێدراوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە