رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ، دوو مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر کوژران، رووداو ڤیدیۆی کاتی کوشتنی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین لە ماڵەکەی خۆیدا بڵاودەکاتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 28-06-2022، خوێندکارێکی زانکۆی سۆران "بەهۆی ئەوەی لە زانکۆکەی خۆی فەسڵ کراوە و لە زانکۆی سەلاحەدینیش وەرنەگیراوە،" چووەتە زانکۆی سەلاحەدین و لەوێ هێرشیکردووەتە سەر راگری کۆلێژی یاسای زانکۆکە و پاسەوانێک، هەردووکیان برینداربوون و دواتر راگری کۆلێژی یاسا گیانی لەدەستدا.
دوای هێرشکردنە سەر راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین، تۆمەتبارەکە هێرشی کردووەتە سەر ماڵی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و ئەویشی کوشتووە.
چەند زانیارییەک لەبارەی رووداوەکە و ئەو کەسەی مامۆستاکانی کوشتووە
تۆمەتبارەکە خوێندکارێکی زانکۆی سۆران بووە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "کێشەیەکی هەبووە و فەسڵ کراوە و لێرەش [لە زانکۆی سەلاحەدین] وەرنەگیراوە؛ هەربۆیە جگە لەم دوو مامۆستایە، هەڕەشەی لە کۆمەڵێک مامۆستا کردووە. لادەرێکە لە یاسا و دەکەوێتە بەردەمی یاسا."
هاوڕێیەکی زانکۆی تۆمەتبارەکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە رووداوی راگەیاند، تۆمەتبارەکە ناوی "ئـ. م. ق"ـە و دانیشتووی ناحیەی بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێرە، پێشتر دەستگیرکراوە، بەڵام ماوەیەکە بە کەفالەت ئازادکراوە.
محەممەد فەقێ عەبابەکر، پارێزەر لە دادگەی سۆران بە رووداوی راگەیاند، ئەو تۆمەتبارە چەند مانگێک بەر لە ئێستا لە دادگەی سۆران دادگایی کراوە، بەڵام "لەبەردەم دادوەردا بە ئاشکرا هەڕەشەی کوشتنی لە چەندین مامۆستای زانکۆ کردووە، لەنێویاندا مامۆستا نیشتمان، هاوژینی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان."
د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین بەیانیی ئەمڕۆ لە زانکۆکە هێرش کرایەسەری و بریندار کرا، دوای بریندارکردنیشی، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، گیانی لەدەستدا.
دوای هێرشکردنە سەر راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین، تۆمەتبارەکە هێرشی کردووەتە سەر ماڵی د. ئیدریس عیززەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و ئەویشی کوشتووە. لەبارەی دەنگۆی رفاندنی د. ئیدریس عیزەت حەمەخانەوە پارێزگاری هەولێر گوتی، "نەڕفێندراوە و هەڵیکوتاوەتە سەری و کوشتوویەتی."
نێچیرڤان بارزانی: دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین قوربانیی تاوانێکی دڕندانەی دڵتەزێنن
لەبارەی رووداوەکەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا "نیگەرانی و خەمباریی" خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت، "دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین قوربانیی تاوانێکی دڕندانەی دڵتەزێنن"
مەسرور بارزانی: لەدەستدانی مامۆستاکانی زانکۆی سەلاحەدین کارەساتێکی دڵتەزێنە
لای خۆشییەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت وەزارەتی ناوخۆ و دەزگە ئەمنییەکان، "هەموو رێکارێکی پێویست بگرنەبەر بۆ بنبڕکردنی چەکی بێ مۆڵەت و رووبەڕووبوونەوەی تاوانباران و خراپەکاران لە هەر پلە و ئاستێکدا بن." هەروەها دەڵێت، "لەدەستدانی مامۆستاکانی زانکۆی سەلاحەدین کارەساتێکی دڵتەزێنە."
قوباد تاڵەبانی: دەبێت ئەوپەڕى هەوڵى خۆمان بدەین بۆ رووبەڕووبوونەوەى دیاردەى چەکداری
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رووداوی کوشتنی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین بە "رووداوێکی دڵتەزێن" ناودەبات و دەڵێت، "دەبێت ئەوپەڕى هەوڵى خۆمان بدەین بۆ رووبەڕووبوونەوەى دیاردەى چەکداری."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ