رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حاجییەکی کورد بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لە شاری مەککەی شانشینی سعودیە گیانی لەدەستدا و هەر لەوێش دەنێژرێت.
شەوی چوارشەممە، 28-6-2023، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان بەتۆڕی رووداوی راگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ حاجی حەسەن عەبدوڵڵا، دانیشتووی قەزای دەربەندیخان، لە شەقامی عەزیزیەی جنوبی شاری مەککەی پیرۆز بەھۆی رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا.
کاروان ستوونی گوتی تیمە کارگێڕییەکانی حەجی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ تەواوکردنی رێکارەکان، دواتر لەگۆڕستانی شەرائع لە شاری مەککە بە خاک دەسپێردرێت
بەپێی زانیارییەکانی رووداوە، کە لە کەسە نزیکەکانی کۆچکردووەوە وەریگرتووە، حاجی حەسەن عەبدوڵڵا، ساڵی 1965 لە گوندی زەردەلیکاوی شاری دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە دایکبووە. پێش بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج عومرەیەکی کردووە، باوکی سێ کچ و کوڕێکە، فەرمانبەری وەزارەتی ئەوقاف بووە و دواتر خانەنشین بووە.
ئەمساڵ چوار هەزار و 685 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، تاوەکو ئێستا سێ حاجی لە شاری مەککە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ