رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەنجوومەنی بەنزیخانەکانی هەولێر رایگەیاند بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەولێر پەیوەندیی بە دوو هۆکارەوە هەیە و دەڵێت لە رۆژانی داهاتوو نرخەکەی دادەبەزێت.
رۆژی هەینی، 28-7-2023، جەنگی محەممەد، گوتەبێژی ئەنجوومەنی بەنزیخانەکانی شاری هەولێر، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گرانبوونی نرخی بەنزین لە هەولێر و دهۆک و بەتایبەت لە شاری هەولێر لە چەند رۆژی رابردوو بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە، یەکەمیان ئەوەیە کۆمپانیا و بازرگانان بەشێوەیەکی کەمتر بەنزین دەخەنە بازاڕەوە، هەروەها ماوەیەکە هاوردەکردنی بەنزین بەتایبەت لە بازگەکانی پردێ و مەخموور و شوێنەکانی دیکە لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسنووری پارێزگای هەولێر راگیراوە."
نرخی بەنزین لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەراورد بە هەولێر و دهۆک هەرزانترە. جەنگی محەممەد لەو بارەیەوە دەڵێت: "سلێمانی سنوورێکی فراوانی لەگەڵ حکومەتی عێراق و چەند دەروازەیەکی لەگەڵدا هەیە و بەنزین لەو ناوچانەوە دەگاتە سلێمانی، جگە لەوەی چەند دەروازەیەکی سنووریی لەگەڵ ئێران هەیە، کە بەنزین لەو سنوورانەوە دێن، بەڵام بۆ هەولێر ئەمە کەمترە."
لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد دوای بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ هاوردەکردنی بەنزین، پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوو بەهای بەنزین لە هەولێریش داببەزێت.
چەند رۆژێکە نرخی بەنزین لەشاری هەولێر بەرزبووەتەوە و بۆ هەر لیترێک لەنێوان 200 بۆ 300 دینار زیادیکردووە، بەڵام ئەو بەرزبوونەوەیە لەسلێمانی ناگاتە 100 دینار.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لەگەڵ جیاوازیی بەهای بەنزین، بەڵام بەگشتی نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە شاری هەولێر لەنێوان 1050 بۆ 1100 دینار دەبێت، لەکاتێکدا ئەو نرخە لە سلێمانی لەنێوان 875 بۆ 900 دینار دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 26-07-2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بڵاوکردەوە و گوتی، لەپێناو رێگریی لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکە، رێگە بە تەواوی کۆمپانیاکان دەدەن بەنزین هاوردە بکەن.
ئەو بڕیارەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە هات کە لەم هەفتەیەدا بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار رووی لە دابەزین کرد و بەهۆیەوە نرخی بەنزین بەرزبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ئەو بڕیارە بە فەرمانی کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری وەزارەتەکە بووە بە وەکالەت، ئەوەش "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و لەسەر داواكاریی پارێزگاكان بۆ رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخ و روونەدانی قەیرانی كەمبوونی بەنزین."
سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، ئەو کۆمپانیایانەی بەنزین هاوردە دەکەن، دەبێت رەچاوی کوالێتیی بەنزینەکە بکەن. دەشڵێت، "رێگە بە هەناردەکردنی بەنزین لە پاڵاوتگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان نادرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ