بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین: 100 بۆ 130 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا لەلایەن ئێرانەوە بەردەدرێتەوە

28-07-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەڵێ، ئەو بڕە ئاوەی لە لایەن ئێرانەوە بەردەدرێتەوە زۆر باشە و کاریگەرییەکەی ئەرێنییە. بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕینیش دەڵێ، بەردانەوەی ئاوەکە بە جۆرێکە هەندێکجار مەزەندە دەکرێ 100 بۆ 130 مەتر سێجا بێ لە چرکەیەکدا. 
 
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین، ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی راگەیاند: ''بەردانەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە کاتی دیاریکراوی نییە. جاروبار لایەنی ئێرانی هەموو رۆژ بەری دەداتەوە؛ جاریش هەیە 15 رۆژ جارێک بەری دەداتەوە".
 
سەلام عومەر ئاماژەی بەوەش دا، ئێران هەر کاتێ پێویستی بە کارەبا هەبێت، ئاوەکە بەردەداتەوە، لەبەر ئەوەی هایدرۆپاوەری لەسەر زێی بچووک هەیە.
 
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین گوتیشی: "ئەو بڕە ئاوەی بەردەدرێتەوە زۆر باشە و کاریگەری بەردانەوەی ئاوەکە ئەرێنییە"، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خەڵکە زۆرەی پشت بە ئاوەکە دەبەستن، ئینجا بۆ ئاوی پێداویستی خۆیان بێ یان مەڕ و ماڵات و کشتوکاڵ.
 
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند: ''ئێمە بۆ ئەو ماوەیەی کە ئێران ئاو بەرناداتەوە بەربەستی کاتیمان درووستکردوە بۆ ئەوەی کێشەی کەم ئاوی کەمتر بیت''.
 
هاوکات سپاردە محەممەد، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند: "قەبارەی ئاوی زێی بچووک بە تەواوی دیار نییە، چونکە پێوەری پێوانەی ئاومان نییە، بەڵام بەردانەوەکە زۆر زیادیکردووە؛ بەردانەوەکە بە جۆرێکە کە مەزەندە دەکرێ 100 بۆ 130 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بێ، ئەو کاتەی بەردەدرێتەوە''. 
 
سپاردە محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، دیار نییە لایەنی ئێرانی کەی ئاوەکە بەردەدەنەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێ بە گوێرەی پێویستیی خۆیان بێ، نەوەک لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەرێمی کوردستان. 
 
بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین گوتیشی، ئاوە بەردراوەکە زیاتر بە رۆژدا دەگاتە هەرێمی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی نزیکەی 70 کیلۆمەتر دەبڕێ تاوەکو دەگاتە بەنداوی کۆڵەسە.
 
سپاردە محەممەد گوتیشی: "گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی جووتیاران و گوندنشینان هەیە؛ کاریگەرییە باشەکەشی ئەوەیە ئاوەکەی پاکوخاوێنە بۆ خواردنەوە و بێ کێشەیە".
 
سپاردە محەممەد بەردانەوەی ئاوی زێی بچووکی بەم بڕە زۆرە بە گرنگ ناوبرد و هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "ئاوی ژێر زەوی کەمی کردووە ".
 
ئامادەکردنی هەواڵ: رۆشنا شێرزاد
پێداچوونەوە: عەلی زەڵمی

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.