هێزێکی سوپای عێراق چوونە سەر گوندی تۆپزاوا

28-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێکی سوپای عێراق بە ژمارەیەک هەمەرەوە چوونەتە سەر گوندی تۆپزاوا لە سنووری پارێزگای کەرکووک و رووپێویی ناوچەکەیان کردووە بە مەبەستی ئامادەکردنی زەوییەکانی ئەو ناوچەیە بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ سەربازانی سوپای عێراق لەسەر زەویی خەڵكی ناوچەکە. بەرپرسی ناوچەی پارتی لە تۆپزاوا دەڵێت، "لە ماوەی سێ رۆژدا ئەوە سێیەم جارە هێزی سوپای عێراق دەچێتە ناوچەکە."
 
رۆژی دووشەممە چالاک هیوا، بەرپرسی ناوچەی حەوتی پارتی لە تۆپزاوای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێکی سوپای عێراق کە نزیکەی 10 هەمەر و ئۆتۆمبێلی دیکەی سەربازی بوون، بە سەرکردایەتیی فەرماندەیی فیرقەی سوپا لەو ناوچەیە هاتنە گوندەکە و ژمارەیەک رووپێویان لەگەڵ خۆیان هێناوە و رووپێویی زەوییەکانیان کرد بۆئەوەی یەکەی نیشتەجێبوون و شوێنی سەربازیی لێ دروستبکرێت تایبەت بە سەربازانی سوپای عێراق لەو ناوچەیە."
 
بە گوتەی چالاک هیوا، ئەوە سێیەم جارە لە سێ رۆژدا ئەو هێزانەی سوپای عێراق بە مەبەستی رووپێوی بێنە گوندەکە.
 
مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ ژمارەیەک جووتیاری کورد و تورکمانی تۆپزاوا مانگرتنیان راگەیاند و داوایان کرد ئەو زەوییانەی بە موڵکی خۆیانی دەزانن بگەڕێندرێنەوە بۆیان، چونکە ئەوان خاوەنی رەسەنیان و لە سەردەمی پێشوودا لێیان وەرگیراوەتەوە.
 
تۆپزاوا دەکەوێتە باشووری کەرکووک و دانیشتووانەکەی کوردن و خاوەنی رەسەنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکەن، سوپای عێراق چەند جارێک داوای لێکردوون نەک تەنیا واز لە زەوییەکانیان بهێنن، بەڵکو گوندەکەش چۆڵ بکەن.
 
بەپێی چالاک هیوا، ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە بڕیارە دروستبکرێن، بەشێکیان دەکەونە سنووری گوندەکە و هەندێکیان لەنێو ماڵەکانی گوندەکە دروستدەکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەسەر تەختە رەشێک نووسراوە "کورد، کوردی، کوردستان". وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی: زازاکی لە مەترسیدایە

رەمزیە ئاڵپارسلان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە باکووری کوردستان هۆشدارییەکی تووند لەبارەی زمانی کوردی لەو پارچەیەی کوردستان دەدات و دەڵێ: "تاوەکو زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان نەچێتە نێو سیستمی پەروەردەوە، رزگاری نابێت."