رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لەسەر بڕینی دار بەردەوامن، بەتایبەتی دار زەیتوون و چەند جۆرێکی میوە.
ئیبراهیم شێخۆ، چالاکڤان و بەرپرسی پێشووی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەو کاتەوەی هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لە لایەن ئەو گرووپانەوە داگیرکراوە، واتە لە سەرەتای ساڵی 2018وە زیاتر لە 30٪ی دارەکانی ئەو هەرێمەی رۆژئاوای کوردستان بڕاون؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی 2023دا بەراورد بە ساڵەکانی پێشتر، بڕینی دار زیادی کردووە.
ئیبراهیم شێخۆ گوتی، لە رۆژانی 22 و 23ی ئەم مانگەدا چەکدارانی گرووپی فەیلەق شامی پاڵپشتیکراو لە لایەن تورکیا، لە گوندی ئیسکی سەر بە ناحیەی جندرێس لە هەرێمی عەفرین، نزیکەی 800 داریان بڕیوە کە زۆربەیان قۆخ، گوێز و قەیسی بوون.
ئەو چالاکڤانە عەفرینییە کە لە ناوچەی شەهبا دەژیت، بە رووداوی گوت، چەکدارانی گرووپی حەمزاتیش دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر لە زەویوزاری هاونیشتمانیان لە گوندی فیرێرییە لە هەرێمی عەفرین گرتووە.
لە کانوونی یەکەمی 2018دا سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیان کردە سەر هەرێمی عەفرین و دوای نزیکەی دوو مانگ لە شەڕ، هەرێمەکەی رۆژئاوای کوردستانیان داگیرکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ