رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی ئەمریکی- سلێمانی لەسەر بەڕێوەچوونی نمایشێک لە دیداری كوردناسیی زانکۆکە کە کاردانەوەی بەشێک لە ئیسلامییەکانی لێکەوتەوە، روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، نمایشەکە وەکو هێمایەك بووە بۆ "رزگاربوونی ژنان لە ستەمی داعش" کە لە لایەن گرووپێکی رۆژئاڤای کوردستانەوە پێشکێش کرا. دەشڵێت، "زانکۆ بەرپرسیار نیە لە ناوەڕۆکی باس و نمایشەکان."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی ئەیلوولی 2025، زانکۆی ئەمریکی- سلێمانی ئاماژەی بە رێکخستنی دیداری کوردناسی لە زانکۆکە کرد کە لە رۆژانی 25، 26 و 27ی ئەیلوولی 2025 بە مەبەستی گفتوگۆکردنی زانستییانە بۆ ناسین و ناساندنی کەلتوور و مێژووی گەلی كورد، زمان و ئەدەبەکەی بەرێوەچوو و میوانەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، ئەورووپا و ئەمریکاوە تێیدا ئامادە بوون.
زانکۆی ئەمریکی- سلێمانی دەڵێت: "یەکێک لە میوانەکان گرووپی میوزیكی "هونەرگەها وەڵات" بوون کە لە رۆژئاڤای کوردستانەوە ئامادەبوون و لە سێیەم رۆژی ئەو دیدارەدا بە چەند کارێکی موزیک و شانۆ بەشدار بوون. لە بڕگەیەکدا وەک هێمایەک بۆ رزگار بوونی ژنان لە ستەمی داعش "بورقە" دادەکەنن و جلی کوردییەکانیان دەردەکەوێت وەک هێمایەك بۆ كۆتاییهاتنی ئەو رێكخراوە خوێنڕێژە کە دژە بە بەها بەرزەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام وەک ئازادی و پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستی."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "رۆڵی زانکۆ لەم دیدارەدا کۆکردنەوەی را و دەنگە جیاوازەکانە بە بێ هاندان یان سانسۆر کردن بە پێی یاسا و پاراستنی ئازادی ئەکادیمی، و لەم رووەشەوە زانکۆ بەرپرسیار نییە لە نێوەڕۆکی باس و نمایشەکان. بە دڵنییاییەوە لەم زانکۆیە رێزی تەواومان بۆ بەها ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان داناوە و بەهاکانی ئایینیی پیرۆزی ئیسلام هەمیشە پارێزراو و لەبەرچاوگیراون."
نمایشەکەی گرووپی میوزیکی "هونەرگەها وەڵات" کاردانەوەی بەشێک لە کەسایەتی و لایەنە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و وایان لێکدایەوە کە "سووکایەتی بە نیقاب و ئایینی ئیسلام کراوە."
حاجی کاروان، بانگخوازی ئیسلامیی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەشداری لە بوڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد کە لە لایەن شەهیان تەحسین پێشکەش دەکرێت و سەبارەت بە ناڕەزایەتی بەشێک لە ئیسلامییەکان لە بەرامبەر بڕگەیەکی نمایشەکە رایگەیاند، "باڵاپۆشی لە ئیسلامدا و بۆ ئافرەتی موسڵمان هێمایە و فڕێدانی لە نمایشەکەدا بێڕێزی و سووکایەتییە بەم هێمایەی ئیسلام."
حاجی کاروان گوتی، "ئەگەر باس باسی داعشە، بۆچی لە نمایشەکەدا هیچ هێمایەکی داعش نابێنرێت. لە نمایشەکەدا نە ئاڵای داعش بەکارهاتووە نە جلی ئافرەتانی داعش بەکارهاتووە کە رەنگی رەشە."
ڤیدیۆی چالاکییەکە هەیە و تێیدا دەردەکەوێت، شەش ئافرەت بە جلی داپۆشراو و لە شێوەی نیقاب بە رەنگە سادەکانی سوور، زەرد، رەساسی، سەوز و رەش و سپییەوە دەردەکەون و دوای نمایشێک جلە داپۆشراوەکان فڕێدەدەن و لە ژێرەوە جلی پیاوانەی کوردییان لەبەردایە.
حاجی کاروان ئاماژە بەوە دەکات کە هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی رێکخراوی داعشەوە لە دژی بووە و پێی وابووە، شەڕکردن لە دژی داعش ئەرکێکی ئایینی و جیهادە و دەڵێت: "ئێستاش تاوەکو سەر ئێسقان لە دژی داعشم، بەڵام ئەم بابەتە بەسەر زانکۆی ئەمریکی-سلێمانی دا تێپەریوە و پێویستە داوای لێبووردن بکەن."
لەسەر ئەو پرسیارەی بۆچی پێتوایە، رەنگی نیقابەکان هێمایەکە بۆ هاورەگەزخوازی، حاجی کاروان دەڵێت: "لە جلەکانی دوای نیقابەکە هەڵبژاردنی رەنگەکان بە شێوەیەکە کە دەربڕین لە هێمای رەگەزخوازان دەکات."
بانگخوازە ئیسلامییەکە دەشڵێت: "لە نمایشێکی ئاوادا کە بە ئەنقەستە، پەیامێکی خراپی لە پشتە و هەڵبژاردنی ئەم کەسانە بە مەبەستێکی خراپ و ناشیرین کردنی پۆشاکی ئیسلامییە و ئەمە بابەتێکی دیکەیە. ئەم بابەتە چونکە مەبەستێکی خراپی لە پشتە و بۆ ناشیرینکردنی پۆشاکی ئیسلامییە، ئەو رەنگانەیان بە ئەنقەست هەڵبژاردووە. ئەگەر مەبەست داعش بووایە، پێویست بوو رەنگی هەموو جلەکان رەش بێت."
لە بەشێکی بەرنامەکەدا ڤیدیۆی کاتی رزگارکردنی شارۆچکەی باغۆز لە سووریا لە دەستی چەکدارەکانی داعش بڵاوکرایەوە کە تێیدا دیمەنی چەند ژنێک پێشان دەدرێت، دوای رزگاربوونی لە دەسەڵاتی داعش نیقاب و جلە باڵاپۆشەکانیان فڕێ دەدەن و دوایی دەیسووتێنن. حاجی کاروان لەبارەی ڤیدیۆکەش دەڵێت، "کاری ئەو ژنانەش هەڵەیە و نابێ لەچک و جلەکانیان فڕی بدەن، لەبەر ئەوەی ئەو پۆشاکە تەعبیر لە ئیسلام دەکات و نابێت بەهۆی کردەوە خراپەکانی داعش، کاردانەوەیەکی وا هەبێت."
ڤیدیۆی نمایشەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوکراوەتەوە، بەشێک لە خەڵک "بە سووکایەتی بە جلوبەرگی ئیسلام" پێناسەیان کردووە و بەشێکیش بە ئاسایی دەزانن.
لە دوای دیداری کوردناسی لە زانکۆی ئەمریکی - سلێمانی، شەوی رابردوو سەمایەکی جیاواز لەنێو کۆنسێرتێکی (هونەرگەها وەڵات) لە زانکۆکە بەڕێوەچوو، لە بەشێکی کۆنسێرتەکەدا شەش ئافرەت نمایشێکیان کرد، لە نمایشەکەدا جلوبەرگێکی تەواو داپۆشراویان فڕێدا و بە جلوبەرگی کوردییەوە نمایشیان کرد، ئەوەش کاردانەوەی بەشێک لە لایەن و کەسایەتییە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.
نمایشەکە وەکو پاشکۆیەک دوای دیداری کوردناسی لە زانکۆی ئەمریکی - سلێمانی پێشکێشی ئامادەبووان کرا. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەمان گرووپ کە لە رۆژئاوای کوردستانەوە میوانی شاری سلێمانین، چەند نمایشێکی دیکە لە شارەکە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ