رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆدەبێتەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات.
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکە کاژێر 11:00ـی ئەمڕۆ دەکرێت، گفتوگۆ لەسەر دوو پرسی گرنگ دەکات: پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو؛ لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی بۆ مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی دەخاتەڕوو.
کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە، دوێنێ سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە نزیکەی سێ کاژێری خایاند و باسیان لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ