زیاتر لە 7500 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شاری هەولێر و عەنكاوە دابەشکران

28-10-2025
نەورەس عەبدوڵڵا
نەورەس عەبدوڵڵا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ قۆناخی سێیەمی دابەشكردنی زەوی لە هەولێر راگەیێندرا، زیاتر لە 7500 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شاری هەولێر و عەنكاوە دابەشکران.
 
 
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوی رایگەیاند، "ژمارەی پارچە زەوییەكان نزیكەی 14 هەزارە، بەڵام بەشێكی بۆ قەرەبووی خاوەنی زەوی و جووتیارەكانە." گوتیشی، "سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان كاری زۆر باشیان لەو پرۆسەیەدا كردووە."
 
لەبارەی نەخشەی زەوییەكان وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی، "بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر و ئەندازیارەكان دیزاینی زۆر جوانیان بۆ نەخشە كەرتییەكان كردووە، ستانداردی زۆر باش لە دروستكردنی نەخشە كەرتییەكاندا پەیڕەو كراوە و ئەو رێنوێنییانەی بۆ نەخشەكان دانرابوون، جێبەجێ كراون."
 
بەشێک لەو زەوییانەی دابەش دەکرێن، دەدرێتە فەرمانبەرانی قەزای عەنکاوە، کە زۆربەی دانیشتووانەکەی کریستیانن. وەزیری شارەوانی گوتی، "لەبەر ئەوەی لە سنووری عەنكاوە زەویی پێویست نەبوو بۆ فەرمانبەران؛ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی كرد لە شوێنێكی شیاو زەوییان پێبدرێت، بۆیە ئەمڕۆ زەوی بەسەر ئەو هەزار و 279 فەرمانبەرەی عەنكاوەش لە شوێنێكی تایبەت لەگەڵ فەرمانبەرانی هەولێر دابەش دەكرێت."
 
ساسان عەونی گوتیشی، "بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی پێکهاتەی عەنكاوەش نەخشەیەكی تایبەت بۆ فەرمانبەرانی عەنكاوە لە شوێنێكی تایبەت بە خۆیان بۆ دروست كراوە و تیروپشكیان بۆ دەكرێت."
 
پێشتر لە سنووری شارەوانیی شاری هەولێر دوو جار زەوی دابەشکراوە، کە لە قۆناخی یەکەم 4000 و دووەمیش 14 هەزار پارچە زەوی بوون.
 
27ی ئاداری 2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابەشکردنی زەویی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا، کە سوودمەند نەبوون.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێت، 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بەگوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە